چۆنیەتی پڕبوونی برۆکان
برۆ یەکێک لەو بەشانەی دەموچاوە کە گرنگییەکی زۆری هەیە، پڕبوونی مووی برۆ دەبێتە مایەی جوانیی روخسار و پێچەوانەکەشی سیمای روخسار دەشێوێنێت، هەربۆیە گرنگی پێدانی زۆرگرنگە و دەبێ زانیاریی باش لەسەر ئەم بابەتە وەرگرین. لێرەوە لەگەڵ دوو شێواز ئاشنا دەبین بۆ گرنگیدان بە برۆ و ڕوخسار.
زەیتی گوێز هندی: زەیتی گوێزهندی نەرمکەرەوەیەکی سرووشتییە و بۆ بەهێزکردنی سووڕی خوێنیش زۆر بەسوودە. ترشە چەورەکانی گوێزهندی کاریگەریی لەسەر پرۆتینە سرووشتییەکانی برۆ دەبێت و بەرگری لە شکانەوەی مووەکانی دەکات. ئەو لۆریک ئەسیدەی لە ناو زەیتی گوێز هیندیدا هەیە دژەمیکرۆبە و ناهێڵێت فۆلیکەکانی موو تووشی هەوکردن ببن، بوونی ڤیتامین E و ئاسن لە گوێز هیندیدا تاڵە مووەکانی برۆ ئەستوور دەکات، هەر بۆیە بەر لە نووستن هەندێک زەیت بخەرە سەر برۆ و جوان پێی چەور بکە باشترە تا بەیانی زەیتەکە لەسەر برۆ بمێنێتەوە و کە لە خەو هەڵسایت بە ئاو و سابوون بیشۆ.
پیاز: ئاوی پیاز دەوڵەمەندە بە هەندێک مادەی وەک(گۆگرد، سیلینیۆم، کانزاکان و ڤیتامینەکانی B و C کە بۆ گەشەکردنی تاڵەکانی مووی برۆ زۆر بەسوودن، گۆگرد بەرهەمهێنانی پێکهاتەی کۆلاجین ئاسان دەکات، گۆگرد هەروەها فۆلیکەلەکانی موو بەهێز دەکات، بۆ ئەم مەبەستە پیازەکە جوان ورد بکە و پاشان ئاوەکەی بگرە و با کاتژمێرێک لەسەر برۆ بمێنێتەوە.
هەندێک لە خانمان بە بۆنی پیاز قەڵس دەبن، بۆ لەناوبردنی بۆنی ناخۆشی پاشماوەی پیاز لەسەر برۆکانتان، واباشە کەڵک لە ئاوی لیمۆ وەرگرن و پێی خاوێن بکەنەوە تا بۆنی پیازەکە نەمێنێت.
