هەوكردنی قاچەكانی كچێك
«جاسمین ڕامێرز» كچێكی ئەمریكیی تەمەن ١٤ ساڵە، كە چیرۆكی ژیانی هەموو جیهانی هەژاند. جاسمین لە جیاتی ئەوەی منداڵیی خۆی بە یاریكردن و ڕاكردن بەسەر ببات، ساڵانێكی زۆری تەمەنی لە نێوان نەخۆشخانەكان و هۆڵەكانی نەشتەرگەریدا بەسەر برد، جاسمین بەدەست حاڵەتێكی پزیشكیی دەگمەنەوە دەیناڵاند كە بووبووە هۆی ئەوەی یەكێك لە قاچەكانی بە شێوەیەكی نائاسایی گەورە ببێت، بە جۆرێك كێشی ئەو قاچەی گەیشتبووە زیاتر لە ٧٩ كیلۆگرام!، ئەم كێشە زۆرە نەك هەر جووڵەی لێ بڕیبوو، بەڵكو ئازارێكی تاقەتپڕوكێنی بۆ دروست كردبوو، دوای ئەوەی هەوكردنەكان گەیشتنە ئاستێك كە مەترسیی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی دروست كرد، پزیشكەكان ناچار بوون بڕیارێكی یەكجار قورس بدەن، ئەویش «بڕینەوەی قاچی» كە تەنیا چارەسەر بوو بۆ ڕزگاركردنی ژیانی. جاسمین ١٧ كاتژمێر لە نێوان ژیان و مردندا بوو، نەشتەرگەرییەكەی نزیكەی ١٧ كاتژمێربەردەوام بوو. لە كاتێكدا خێزانەكەی بە دڵێكی پڕ لە ترس و نزاوە چاوەڕێی هەواڵێك بوون، نەشتەرگەییەكەی جاسمین سەركەوتووبوو.
