ناوی كاتەكانی كاتژمێر بە كوردی و مێژووی سەرهەڵدانی
لە سەرەتادا مرۆڤ زانینی كات و دروستكردنی كاتژمێری لە تێبینیكردنی ئەو سوڕانانەوە داهێنا كە لە سرووشتەوە دەیبینی، وەك سوڕانەوەی خۆر و مانگ و بەدوای یەكداهاتنی وەرزەكان، بۆیە ئاساییە كە یەكەمین كاتژمێر بە كاریگەریی ئەوان دروست بكرێت، ئەو كاتژمێرانەی داهێنراون لە پێشوودا بریتیین لە:
كاتژمێری خۆری: بە سانایی كۆنترین كاتژمێر ئەوە بوو كە لە سوڕانەوەی خۆرەوە بەرهەم هات، كە پێك هاتبوو لە كۆمەڵێك بازنەی گەورە كە لە بەرد، یان هەر مادەیەكیتر دروست دەكران.
كاتژمێری ئاوی: لەبەر ئەوەی كاتژمێری خۆری تەنیا بە ڕۆژ سوودی لێ دەبینرا و بەكارهێنانی هەمیشەیی نەبوو، بەتایبەتی لە كاتی شەو یان هەور و باراندا، هەروەها دەبوو ئەو كاتژمێرە ببرێتە دەرەوەی ماڵ و نەدەبوو خۆت لە نزیكییەوە بیت، تا سێبەری خۆت نەچێتە سەری.
كاتژمێری لمی: لە سەرەتای سەدەی چوارەدەوە، كاتژمێری لمی پێك هاتبوو لە دوو بۆشایی دروستكراو لە شووشە، لە نێوانیاندا كونێكی بچووك هەبوو، لەو كونە بچووكەوە لمەكە لە بەشەكەی سەرەوە دەڕژایە بەشەكەی خوارەوە.
كاتژمێری میكانیكی: كاتژمێری میكانێكی لە ئەوروپا دروست كرا، لەم جۆرە كاتژمێرەدا دوو بارستایی یاریدەدەر بوون بۆ دیاریكردنی ئەو كاتەی بەسەر چووە، بە گەیشتنی بەو خاڵە دەنگێگی دەردەكرد.
كاتژمێری گەردیلەیی: هەردوو زانای ئینگلیزی «لویس ئاسن، ئاجێ» لە ساڵی 1955 ز لە ناوچەی باری كاتژمێرێكیان دروست كرد بە لەرەلەری گەردیلە كاری دەكرد. كاتێك كە دۆزرایەوە گەردیلە كە بچووكترین پێكهاتەی مادەیە و بەشێوەیەكی زۆر ڕێكخراو لەرەلەرە دەكات، لەو ڕێگەیەوە توانییان ئەو زەبزەباتانە بگۆڕنە بۆ زانیاری كات، بەم شێوەیە كاتژمێرێك داهێنرا لە ماوەی سەد ساڵدا یەك چركەش پاش و پێش ناكات.
لە ناو كوردادا، هەر سەرەكاتژمێرێك یان مانگ و وەرزەكان ناوێكی تایبەت بە خۆیان هەیە، تا بە ئاسانترین شێوە كاتەكان دیاری بكرێن، هەر كاتژمێرێك لە كوردەواریدا ناوێكی هەیە بەم چەشنەیە:
كاتژمێر یەكی شەو= تاڵ، دووی شەو=ڕاشكان، سێی شەو=كازیوە، چواری سەر لە بەیانی كۆچاری، پێنجی بەیانی=بوومەلێڵ، شەش=ڕۆژهەڵات، حەوت =بەربەیان، هەشت =بەیانی، نۆ= سپێدە، دە = چێشتەنگاو، یازدە = گزنگ، ١٢ی نیوەڕۆ، یەكی پاش نیوەڕۆ=پرشنگ، دوو = دووانیوەڕۆ، سێ=قرچنگ، چوار =زەردەپەڕ، پێنج=ئێوارە، شەش =ڕۆژئاوا، حەوت=هەنگۆر، هەشت=شێوان، نۆ=قوڵڵان، دە=شەوڕۆ، یازدەی شەو= شەوزەنگ، دوازدەی شەو = نیوەشەو.
