ئەگەر ڤیتامین K لە لەشدا كەم بكات!
زۆربەی ڤیتامین K لە لەشدا لە خۆراكەوە سەرچاوە دەگرێت، بەشەكەی دیكەیش بەكتریای ڕیخۆڵە دروستی دەكات. ڤیتامین K زۆر پێویستە بۆ كرداری دروستی مەیینی خوێن و پاراستنی تەندروستیی ئێسكەكان. ئەم ڤیتامینە كە تەنیا لە چەوریدا دەتوێتەوە، بە بڕی كەم بۆ لەش پێویستە و لە جگەردا خەزن دەكرێت. گەڵا سەوزەكانی وەكو سڵق، مەعدەنوس، سپێناغ، هەروەها برۆكۆلی، قەرنابیت، جگەر، لەگەڵ كەپەكی گەنم Wheat bran سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ ڤیتامین K. كەمیی ڤیتامین K لە لەشدا دەبێتە ئەگەری خوێنبەربوون، بەتایبەتی لە ژێر پێستدا لەگەڵ درەنگ وەستان یان مەیینی خوێن لەكاتی برینداربوون یان نەشتەرگەریدا، لە ئافرەتیشدا دەبێتە ئەگەری زیاد ونكردنی خوێن لەكاتی سووڕی مانگانەدا. لە لایەكی دیكە، كەمیی ڤیتامین K هۆكارە بۆ لاوازبوون یان پووكانەوەی ئێسك Osteoporosis. هۆكارە هاندەرەكانی كەمی ڤیتامین K لەشدا: گرفت لە كۆئەندامی هەرس كە دەبێتە ئەگەری بەد هەڵمژینی خۆراك، گیرانی ڕێڕەوی شلەی زراو، بەكارهێنانی دەرمانی دژەژی بۆ ماویەكی زۆر، هەروەها بەكارهێنانی دەرمانی دژەمەیین وەكو وارفارین Warfarin.
