ئیمان زەنگەنە فۆتۆگرافەر: سەرەتای كاری فۆتۆگرافەریم لە وێنەگرتنی ئاوارەكانەوە دەست پێكرد

ئیمان زەنگەنە فۆتۆگرافەر:  سەرەتای كاری فۆتۆگرافەریم لە وێنەگرتنی ئاوارەكانەوە دەست پێكرد

خاتوونێكی پڕ هەست و سەلیقە، گرنگی بە وردەكاریی كاری وێنەگرتن دەدات، خۆی جووڵە و گۆشەكانی كارەكەی دیاری دەكات، یارمەتیی ئەوانە دەدەن كە لە بۆنە جۆراوجۆرەكاندا دەبنە فۆتۆگرافەریان، وەك: ئاهەنگی هاوسەری، دەرچوون، بۆنەی تایبەتی و كەسی، لە دایكبوون و ترێند و كورتە ڤیدیۆ و ستریكی یادگاری. بە پێویستمان زانی چەند پرسێكی ئاراستە بكەین:

 

* بیرۆكەی بوونت بە فۆتۆگرافەر چۆن بوو؟

- بیرۆكەكەم بۆ هات كاتێك تەمەنم 15 ساڵان بوو، وەكو حەزێك و هۆبیەك، لە ساڵی 2014 و 2015، سەردانی ئاوارەكانم دەكرد، دڵم بۆیان دەسووتا و بۆ دڵخۆشیی ئەوانیش وێنەیانم دەگرت، دواتر خولیای وێنەگرتنی سرووشتی كوردستانم هەبوو، زیاتر لە دەشت و دەر و وێنەی پۆرترێت و لاندسكێپی جوانم دەگرت، دوای دوو ساڵ برادەرێك كە كچ بوو، حەزی كرد وێنەی بگرم، پاشان بەرە بەرە خەڵكی ناسیاو و دەوروبەر بانگیان دەكردم، لەوێوە بیرۆكەی فۆتۆگرافەریم بۆ هات، هەر لە ساڵی 2014 خولیكی وێنەگرتنم بینی، كە ئەوانیش كەسانی پرۆفیشناڵ نەبوون، بەڵام دواتر لە یوتوب و ئینتەرنێت دەگەڕام چۆن وێنە بگرم و چۆن گۆشەكان هەڵبژێرم، زیاتر وێنەگرتن جوان بینی و هونەر و بەهرە و حەزە، چونكە بەهرەكە لە ناخی خۆتدایە، بۆیە فێربوونم ئاسان بوو.

* بوونی كچێك بە فۆتۆگرافەر كارێكی قورسە، یان چاكتر دەتوانیت مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكەیت كە وێنەیان دەگریت؟

- دەتوانم بە دوو جۆر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، سەرەتا ساڵی 2017 وەكو بیزنسێك بیرۆكەم بۆهات، كە داهاتێكی هەبێت و بژێویی ژیانم وەك كچێك دابین بكەم، كە لە پێشوودا وەكو حەزێك بوو، بۆیە ئەكاونتی تایبەتم بۆ خۆم دانا، سەرەتا پێم سەیر بوو كە كچ بووم، وێنەگرەكانی دیكە هەموو پیاو بوون، دەیانویست وەكو ئەسیست و شاگرد كارییان بۆ بكەم، بەڵام حەزم كرد سەربەخۆ بم، سەرەتا دژایەتیم كرا، بەڵام كۆڵم نەدا و دواتر خەڵكانێكی زۆر پێشوازیی كارەكەیان لێ كردم.

* ئایا پێتوایە كە هەندێ لە بووكە خان و كچان لەوانەیە شەرم لە وێنەگری كوڕ بكەن و لەگەڵ تۆدا ئاسوودەتر بن لە كاتی وێنەگرتن؟

- ئەوە ڕاستە، زۆربەی كچان و بووكەخان، شەرم لە وێنەگری كوڕان دەكەن لە بۆنە و ئاهەنگی دەرچوون و گواستنەوە، ئەوان زیاتر پێویستیان بە كەسێكە كە هاوكاریان بێت لە هەڵە و گرفت لە ماكیاژ و قژ و جلوبەرگدا یارمەتییان بدات، هەروەها من لەو ڕۆژەدا كە ئاهەنگی كەسێكە خۆم وەكو كەسێكی ئەوان دادەنێم هاوكارییان دەكەم لە چاككردنی دەست و سەروپرچ و شێوە و جلوبەرگ و قژیاندا، بۆیە خۆیان پێم دەڵێن مورتاحین لەگەڵت، هەروەها كاكی زاواش مورتاحترە كە كچێك هاوكاری بووكەخان بكات نەوەك كوڕ بێت، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی جووڵەدا.

* جووڵە و شێوازەكانی وێنەگرتن خۆت ڕێكی دەخەیت یان لەسەر داوای كەسانی بۆنەكانە؟

- سەرەتا ڕای ئەوان وەردەگرم لە شوێن و بیرۆكە و شێوازی وێنەگرتن، دواتر من بیرۆكەیان بۆ هەڵدەبژێرم و پاشان كامەیان پێ باش بێت، ئەو هەڵدەبژێرن، بەڵام زیاتر بیرۆكەكانی من هەڵدەبژێرن.

* لە چ بوارێك دەخوێنێت و بڕوانامەكەت پەیوەندی بە كارەكەتەوە هەیە یان لێك دوورن؟

- لە بەشی كۆمپیوتەر لە كۆلێژی تیشكی نێودەوڵەتی، بەهرە و كارەكەم لە یەكتر دوورن، هەروەها یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم، جگە لەوەش فۆتۆگرافەرم، هەر سێ بوارەكە لە یەكتر دوورن، بەڵام حەزم پێیانە بۆیە بەردەوامم.

* مانگانە چەند بۆنەت هەیە بۆ وێنەت گرتن؟

- لە ڕاستیدا دیار نییە، مانگ هەیە جێگەم نییە بۆ حجز، هەندێك مانگیش نیو مانگ كارم هەیە، بەڵام زیاتر لە مانگەكانی ئادار و نەورۆز كە بۆنەكان زۆرن منیش كارم زۆرە.

* ئەو لۆكەیشنانەی لە وێنەی فۆتۆگرافەرەكاندا هەن، خۆت دەستنیشانیان دەكەیت یان داوا دەكەن؟

- سەبارەت بە شوێنی وێنەگرتنەكان، زیاتر من بۆیان دیاری دەكەم و خەڵكیش وا حەز دەكەن كە من بۆیان دیاری بكەم، بەو پێیەی كە كارەكەم وا دەخوازێت شارەزا و ئاشنای زۆر شوێن بم.

* پرۆژەی داهاتووت چییە بۆ كارەكەت و دەتەوێت چۆن پەرە بە بواری فۆتۆگرافەری بدەیت؟

- سەرەتا وەك خەونێك وابوو كە دەستم پێكرد، كە ئۆفیسی خۆم هەبێ، ئێستا خاوەن ئۆفیس و ستافی خۆمم، كە هەموو ستافەكم كچن و كاری جوانیشمان كردووە و حەزیش دەكەم كارەكەم بگاتە دەرەوەی وڵاتیش.

 

 

Top