پەتاتە و نەخۆشیی شەكرە
خواردنی پەتاتە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات، بەڵام چۆن؟ لە ڕاپۆرتی لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە چۆنیەتی ئامادەكردنی پەتاتە زیاتر ڕۆڵی هەیە بۆ زیادكردنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، بۆنموونە پەتاتەی كوڵاو لە ناو ئاودا بەبێ زیادكردنی هیچ ماددەیەكی دیكە، یان كوڵاندنی لە ناو فرنیدا Baked هیچ كاریگەرییان نییە بۆ زیادكردن، یان كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، بەڵام سووركردنەوەی پەتاتە لە ناو زەیتی زۆر گەرمدا Deep fry یان پەتاتەی هەویركراو Mashed لەگەڵ كەرە یان ماددەی دیكە، هەروەها جیبسی پەتاتە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكەن. خواردنی پەتاتە بەم شێوەیە واتە بڕێكی زۆری نیشاستە و كاربۆهیدرات لەگەڵ بڕی زیادی چەوری، كە هانی لەش دەدەن بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئینسۆلین بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، هەروەها لەكاتی زیاد خواردنیان دەبنە ئەگەری زیادبوونی كێش لە دەوری سكدا، ئەمەش سەلمێنراوە كە كۆبوونەوەی چەوری لە ناوچەی سكدا (كەرش) هۆكارە بۆ پەیدابوونی بەرگریی خانەكانی لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین Insulin resistance كە هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم.
