زیاد دانیشتن شەكری خوێن بەرز دەكاتەوە

زیاد دانیشتن شەكری خوێن  بەرز دەكاتەوە

  لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە زیاد دانیشتن هاندەرە بۆ بەرزبوونەوی ئاستی شەكری خوێن و زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم. ئاماژە بەمەش كراوە كە هەڵسانەوە و پیادەڕۆیی بۆ ماوەی پێنج خولەك لەگەڵ هەر 30 خولەك دانیشتندا، هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ خۆپاراستن لەم ئەگەرە، بۆنموونە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن تا رێژەی 5% و كەمبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین تا رێژەی 20% بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە پیادەڕۆیی زیاتر لە دانیشتن ئەنجام دەدەن. لە لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی كالیفۆرنیا هاتووە كە زیاد دانیشتن جگە لە بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، هاندەرە بۆ نیشتنی بڕی زیادی چەوری لە دەوری دڵدا، هەروەها زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، زیادبوونی چەوریی لە دەوری كەمەردا، زیادبوونی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، ئازاری جومگەی نێك لەگەڵ ئازاری پشت. زانا و پسپۆڕانی ئوسترالی روونیان كردووەتەوە كە رۆژانە دانیشتن بۆماوەی چوار كاتژمێر یان زیاتر، بە زیاد دانیشتن هەژمار دەكرێت و ریسكی تەندروستیی هەیە، هەر چەند ماوەی دانیشتن زیاتر بێت، هێندە ریسكە تەندروستییەكان زیاتر دەبن، بۆیە واباشە كە دانیشتن لە ماوەی 24 كاتژمێردا هەرگیز لە 4 كاتژمێر زیاتر نەبێت.

 

Top