ئازاری پاشنەی پێ

ئازاری پاشنەی پێ

ئازاری پاشنەی پێ Heel pain زیاتر لە ئەنجامی فشاری زۆر لەسەر ئێسكی پاشنەی پێ و شانەكانی دەوریدا پەیدا دەبێت، بۆنموونە لە ئەنجامی زەبر، زیاد پیادەڕۆیی یان راكردن، كەفشی تەسك و نادروست، هەروەها كێشی زیاد و قەڵەوی. زەبر و فشار لەسەر پاشنەی پێ دەبێتە ئەگەری هەوكردنی ژێی ماسوولكەی پاشنەی پێ یان شانەكانی بەری پێ، هەروەها بە تێپەڕبوونی كات لەوانەیە كە ببێتە هۆی دروستبوونی ئێسكی زیاد Bone spur لە پاشنەی پێدا. لە لایەكی دیكە نەخۆشیی هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگە، نەخۆشیی گاوت Gout لەبەر زیادبوونی رێژەی ترشی یۆریك، هەوكردنی ئێسك، نەخۆشیی شەكرە، هەوكردنی جومگەی گۆزرینگ، هۆكارن بۆ ئازاری پاشنەی پێ. هەنگاوەكانی چارەسەركردنی: حەسانەوە و دووركەوتنەوە لە پیادەڕۆیی زیاد و وەستان بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەنجامدانی مەشقی گورجكردنی ماسوولكەكانی قاچ، دانانی كەمادەی سارد، بەستنەوەی پاشنەی پێ بە باندێجی لاستیكی، كەفشی تایبەت، لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی دژەئازار و كەمكردنەوەی هەوكردن، نەشتەرگەری زۆر بە دەگمەن و تەنیا لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا پێویست دەبێت.

 

Top