بۆچی زوو شتت بیردەچێتەوە؟

بۆچی زوو شتت بیردەچێتەوە؟

زووبیرچوونەوە حاڵەتێكی زۆر باوە، لەوانەیە كە بەساڵاچوون هۆكار بێت، یان سترێس، یان زەبر بۆ ناوچەی سەر(كۆن یان نوێ)، نەخۆشیی ئەلزهایمەر، یان لەپاش بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان، بەتایبەتی دەرمانی خەوێنەر و دژەخەمۆكی. زووبیرچوونەوە ئەگەر ناوە ناوە روو بدات، ئەوا بە ئاسایی هەژمار دەكرێت، بەڵام كە زیاد لە ئاسایی دووبارە بووەوە، ئەوا پێویست بە بەدواداچوونی پزیشكی دەكات، بەتایبەتی كە هاوكات بێت لەگەڵ لێڵبوونی مێشك Brain fog و نیشانەی دیكەی وەكو ناڕەحەتی و نەمانی هەستی بۆنكردن، كە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ نەخۆشیی ئەلزهایمەر. هۆكارەكانی دیكەی زووبیرچوونەوە بریتین لە: پەستی، خەمۆكی، راهاتن لەسەر خواردنەوە ئەلكهولییەكان، كەمیی ڤیتامین B12 لە لەشدا، سستبوونی گلاندی دەرەقی، هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningitis، گرێی مێشك، هەروەها نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو بەرزبوونەوە پەستانی خوێن و نەخۆشیی شەكرە. هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە زووبیرچوونەوە ئەمانەن: ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی، كە هاندەرە بۆ باشتركردنی سووڕی خوێن لە مێشك و هەموو بەشەكانی لەشدا، خەوی دروست، دووركەوتنەوە لە زیاد سەرقاڵكردنی مێشك بە چەند شتێك لە یەك كاتدا، لەگەڵ گرنگیدان بە خۆراكی هاوسەنگ و جۆراوجۆر.

Top