هیوا سوعاد: حەوتەمین فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر جیاوازیی زۆری دەبێت لەگەڵ خولەكانی پێشوو

هیوا سوعاد: حەوتەمین فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر جیاوازیی زۆری دەبێت لەگەڵ خولەكانی پێشوو

دوای ئەوەی لەبەر چەند هۆكارێك لە ساڵانی رابردوو راگیرا بوو، بڕیار وایە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لە هەولێر حەوتەمین خولی (فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ) ئەنجام بدرێت، سەبارەت بە وردەكارییەكانی فیستیڤاڵەكە بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر (هیوا سوعاد) بەم جۆرە وردەكارییەكانی بۆ گوڵان خستە ڕوو.

هیوا سوعاد: حەوتەمین فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر جیاوازیی زۆری دەبێت لەگەڵ خولەكانی پێشوو

* ئایا كۆرۆنا تاكە هۆكار بوو بۆ دواكەوتنی ڕێكخستنی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر؟
- لە راستیدا كۆرۆنا هۆكار نەبوو بۆ ئەنجام نەدانی ئەم فێستیڤاڵە لە هەولێر، بەڵكو تێبینیمان كرد كە نییەتێك هەبووە نایەوێت ئەم فیستیڤاڵە لە هەولێر ئەنجام بدرێت، تەنانەت رێگەیان نەدەدا كاری شانۆییش هەبێت، سێ ساڵە هەرچی نووسراوە بۆ شانۆ بەرزی دەكەینەوە رەت دەكرێتەوە، بەڵام ئێمەی شانۆكاران قسەمان هەبوو لەو بارەیەوە، جێگەی سەرسوڕمانە كە چەندین فێستیڤاڵ لە دهۆك، سلێمانی، كەركوك، رانیە و چەندین شوێنی دیكە بەڕێوە چووە، بەڵام كە دەگاتە هەولێر، سەرەڕای بوونی دەیان شانۆكار، كەچی ئاستەنگ و گرفت درووست دەبێت وهەندێك بیانوو باس دەكرێن، كە هیچ پەیوەندی بە فێستیڤاڵ و بزووتنەوەی شانۆی لە هەولێر نییە.
* چەند وڵات و گرووپی شانۆی پێشكەوتوو لەم خولەدا بەشداری دەكەن؟
- تا ئێستا ١٥ شانۆگەری بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵەكەدا هەڵبژێردراون، شانۆگەرییەكان لە ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئوردن، میسر، لیبیا، تونس، سەڵتەنەتی عومان، ئێران، بەغدا، سووریا، سلێمانی، هەروەها شانۆگەرییەكی ئاشووری بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا دەكات.
* ئایا تەنیا شانۆگەری نمایش دەكرێت، یان سیمینار و گفتوگۆش لەخۆ دەگرێت؟
- لە میانەی فیستیڤاڵەكەدا وۆركشۆپمان هەیە لەسەر نووسینی شانۆیی، كۆمەڵە كتێبێك بڵاو دەكرێتەوە، هەروەها چەندین كۆڕ ساز دەكرێت، جگە لە كۆڕی تایبەت بە شانۆگەرییەكان، گۆڤارێكی تایبەت بە فیستیڤاڵ چاپ دەكرێت، رێز لە چەند كەسایەتییەك و فیلمی دیكیۆمنتاری لەسەر ژیانی چەند كەسایەتییەك ئامادە دەكرێت و گەشتێك بۆ چەند شوێنەوارێ ئەنجام دەدرێت.
* جیاوازیی ئەم خولە لەگەڵ خولەكانی پێشووی فێستیڤاڵەكە چییە؟
- ماوەیەكە فێستیڤاڵی شانۆیی لە شاری هەولێر ڕێك نەخراوە، بۆیە ئێمە لە لیژنەی ڕێكخستن دەبینین كە ئەم فێستیڤاڵە دەبێتە تەحەددا بۆ ئێمە، چەند وڵاتێك بۆ یەكەمجارە بەشداری دەكەن، لەوانە سەڵتەنەی عومان، سووریا و لیبیا، جگە لە زۆر شانۆكاری ناسراو، گۆڕانكارییەك لە رووی شوێنەكانی نمایشكردنی شانۆگەری و سیمینار و وۆركشۆپەكانەوە هەیە، تەنانەت شوێنەكانیش بۆ تیمە بەشداربووەكان جیاواز دەبن لە فێستیڤاڵەكانی دیكە، پەنا بە خوای گەورە وبە هەوڵ و ماندووبوونی كەسانی پەیوەندیدار كە فێستیڤاڵێكی جیهانی ڕێك دەخەین كە لە لایەنە ڕێكخستن و تەكنیكییەكانەوە لەگەڵ ناوبانگی هەولێر بگونجێت، ئەمەش دەبێتە هاندەرێكی گەورە بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كاری باشتر پێشكەش بكەین.
* ئایا لە فێستیڤاڵەكەدا باشترین شانۆگەری، ئەكتەر، دەرهێنەر و سیناریۆ هەڵدەبژێردرێن؟
- بێگومان وەك چۆن لە خولەكانی پێشووی فێستیڤاڵ سەبارەت بە خەڵاتەكان ئەنجاممان داوە، ئەم خولەش پڕ دەبێت لە خەڵات بۆ براوەكان، خەڵاتی باشترین ئەكتەر، باشترین شانۆگەری، باشترین دەرهێنان و باشترین سینۆگرافیا هەیە، جگە لە چەندین خەڵاتی دیكە كە دواتر رای دەگەیەنین.
* كەرتی تایبەت هیچ ڕۆڵێكی دەبێت لەم خولەی فێستیڤاڵەكەدا؟
- بەداخەوە كەرتی تایبەت و بازرگانان لە ئێستادا و لە ڕابردووشدا بەشدارییان لە ڕێكخستنی فێستیڤاڵەكەدا نەكردووە، ڕەنگە ئەمەش بەهۆی تێنەگەیشتنی تەواویان بێت لە گرنگیی شانۆ و ڕێكخستنی فێستیڤاڵی شانۆیی لە شاری هەولێر، هەروەها هەندێكیان بیر لە دەستكەوتنی قازانجی ماددی دەكەنەوە، رەنگە ئەم فێستیڤاڵە هۆكارێك نەبێت بۆ بەدەستهێنانی سوود، بەڵام پێویستە ئەوەیان لە یاد بێت كە فیستیڤاڵەكە بە ناوی هەولێر و بۆ هەولێرە و، هەرچی دەرەنجامێك هەبێت بۆ هەولێرە و خودی خۆیان سوودی لێ وەربگرن، ئەگەر بیكەنە نەریتێك و پشتگیری لە فیستیڤاڵەكە بكەن، رەنگە پێویستمان بە پشتگیریی حكومەت نەبێت.
* لە خولی پێشووەوە تا ئێستا ژمارەیەك ئەستێرەی شانۆی كوردی ماڵئاواییان كردووە، چۆن لەم خولەدا یادیان دەكرێتەوە؟
- بێگومان ئێمە ئەوانیشمان لە یاد نەكردووە، تەنانەت بەر لەوەی رەزامەندییش بدرێت لەسەر سازدانی فیستیڤاڵ، ئێمە دامانناوە فیلمێكی تایبەت لەسەر ژیانیان تۆمار بكەین، هەروەها بڕگەیەكی تایبەت دەبێت لە فیستیڤاڵ بۆ رێزگرتن لە ژیان و بەرهەمیان و كەسوكاریان، تا كار و بەرهەمەكانیان بە زیندوویی لە یادەوەریی ئێمەدا بمێننەوە و، هەوڵ دەدەین سوود لە ئەزموونیان وەربگرین.

Top