وشكبوونی پێستی دەموچاو

وشكبوونی پێستی دەموچاو

 وشكبوونی پێستی دەموچاو حاڵەتێكی باوە، بەڵام زۆربەی حاڵەتەكان بە ئاسانی كۆنترۆڵ دەكرێن. وشكبوونی پێستی دەموچاو لەوانەیە كە نیشانە بێت بۆ ئەكزیما، یان هۆكاری دیكەی وەكو پلەی گەرمی، رێژەی شێداریی هەوا، جۆری سابون لەگەڵ ئاوێتەی پاككەرەوە و جوانكاریی پێست. هۆكارەكان: كەشی سارد، هەوای وشك، زیاد شووشتن، نەخۆشیی سەدەف Psoriasis، هەستەوەریی پێست، تێكچوونی ئاستی ترشێتی و تفتیی pH پێست، نەخۆشیی شەكرە، سستبوونی گلاندی دەرەقی، جگەرەكێشان، هەروەها بەسەربردنی كاتی زۆر لەبەر تیشكی راستەوخۆی خۆردا. چارەسەركردن: رۆژانە بەكارهێنانی شێداركەرەوەی پێست Moisturizer بە شێوەی كرێم، هەروەها بەكارهێنانی بەر لە نووستن بە درێژایی شەو سوودی زیاتری دەبێت، بەكارهێنانی سابونی سووك بۆ شووشتنی پێستی دەموچاو كە بۆن و رەنگ و ماددەی كیمیایی زیاد لەخۆ نەگرێت، لەكاتی خۆشووشتن، یان وەرگرتنی دووش پێویستە كە ئاوی كەمێك گەرم بەكار بهێنرێت نەك زۆر گەرم، هەروەها پێویستە كە ماوە كورت بێت و لە 5-10خولەك زیاتر نەبێت، ئینجا بەكارهێنانی شێداركەرەوەی پێستی دەموچاو راستەوخۆ پاش وەرگرتنی دووش، بەكارهێنانی ئامێری شێداركردنەوەی هەوای ناوماڵ Humidifier، دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی راستەوخۆ بە تیشكی خۆر، بەكارهێنانی ئاوێتەی دژەهەتاو، رۆژانە خواردنەوی بڕێكی باشی ئاو، كەمكردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان.

 

Top