لە نوێترین دەركەوتنیدا جاستن بەیبەر باس لە جۆری نەخۆشییەكەی دەكات
گۆرانیبێژ و ئەستێرەی كەنەدی(جاستن بەیبەر)ی تەمەن 28 ساڵ,دەربارەی جۆری نەخۆشییەكەی ڕوونكردنەوە دەدات و بەشێك لە ماسوولكەكانی دەموچاوی سڕبووە .
لە هەفتەی ڕابردوودا جاستن بەیبەر بە هەوادارانی ڕاگەیاند كە باری تەندرووستی ناجێگیرەو لەسەر ڕێنمایی پزیشكان پشووی وەرگرتووە, بەم هۆیەوە سەرجەم كۆنسێرت و ئاهەنگەكانی دواخست بەڵام بێ ئەوەی هیچ ڕوونكردنەوەیەك دەربارەی نەخۆشییەكەی بدات .
ئەم گۆرانیبێژە لە نوێترین بڵاوكراوەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام, كورتە ڤیدیۆیەكی خۆی بڵاوكردۆوتەوە كە تێیدا باسی نەخۆشییەكەی دەكات و دەڵێت كە بەهۆی ڤایرۆسێكەوە لای ڕاستی دەموچاوی سڕ بووەو بەباشی كارناكات, هەر لە دوای ئەم بڵاوكراوەیە جاستن بەیبەر لە بەشی ستۆری ئاماژەی پێدا كە نەخۆشییەكەی بە جۆرێك كاریگەری لەسەر كردووە كە ناتوانێت خواردن قوت بدات و شت بخوات .
هەروەها لەبارەی جۆری نەخۆشییەكەیەوە جاستن بەیبەر دەڵێت كە تووشی (ramsay hunt syndrome) "رامسی هانت" هاتووە, كە ئەم ڤایرۆسە لە گوێیەكی داوەو بەهۆیەوە ناتوانێ كۆنتڕۆڵی ئەو دیوەی چاوی بكات هەروەكو لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت تەنانەت بە یەك دیو توانای زەردەخەنەو جوڵاندنی لێوەكانی هەیە لە كاتی قسەكردندا .
جاستن بەیبەر داوای لێبووردنی لە هەوادارەكانی كرد كە نەیتوانی كۆنسێرتەكەی ئەنجام بدات, هەروەها ئاماژەی پێدا لە ئێستادا تەندرووستی ڕێگەنادات لە كۆنسێرت و چالاكییە هونەرییەكانی بەردەوام بێت, بەڵام بێ ئەوەی وادەیەك دیاری بكات, جاستن بەیبەر ڕایگەیاند كە هێشتا بەردەوامە لەو چارەسەرە فیزیاییەی كە پزیشكان ڕێنماییان كردووە .
ئاسۆ كاكەیی
