رۆڵی ئافره‌ت له‌نێو هونه‌ری موزیك و گۆرانیی كوردیدا(1/2)
د. ئامانج غازی
بەشی یەكەم
بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌بێت هه‌ردوو چه‌مكی گۆرانی و موزیك له‌یه‌كتر جیابكه‌ینه‌وه بۆ ده‌ستنیشانكردنی خاڵه‌كان وكاتێ باس له موزیك ده‌كرێ وه‌ك هونه‌رێكی ئه‌بستراكت، نابێ باسی رۆڵی ئافره‌ت به سه‌رپێیی بكرێ و ره‌چاوی ئه‌وه نه‌كرێ كه‌وا ڕۆڵێکی به‌رچاو و كارا نه‌بووه، له بواری گۆرانیدا تاچه‌ند ئافره‌ت توانیویه‌تی بابه‌تێكی جوان پێشكه‌ش بكات و ده‌نگی زوڵاڵی بگه‌یه‌نێته خه‌ڵك، بۆیه ئەم ڕۆڵە کارایە له سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی ئێستگه‌ی كوردی له به‌غداوه ده‌ست پێده‌كات و تا ئه‌مڕۆ بەردەوامیان هه‌بووه.
موزیكژه‌نه‌كان كه زۆربه‌یان له ئێستگه‌ی كوردی به‌غدا كاریان كردووه، نه‌یانتوانیوه مۆركێكی گۆرانیی كوردیمان پێبناسێنن وه‌ك موزیك، به ڵام ده‌نگه ره‌سه‌نه‌كان توانیویانه به ده‌نگه‌كانیان میلۆدییه كوردییه‌كانمان بپارێزن كه خۆی له خۆیدا ئه‌مه خۆشبهختییهكه بۆ كورد. ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه له‌وێ كاریان كردووه یاخود له نێو دێهاته‌كانی كوردستان به‌و سروشت و میلۆدیانه په‌روه‌رده كراون كه له‌وێ هه‌بوونه، توانیویانه به‌ڕاستی كارێكمان نیشان بده‌ن كه بابه‌ته‌كانی تری گۆرانیمان پێبناسێنن، وه‌ك « گوڵبه‌هار و ژیان خان و مریه‌م خان و عه‌یشه‌شان و فه‌تانه‌ی وه‌لیدی» ئه‌مانه ده‌توانین وه‌ك ده‌ستپێكی بابه‌ته‌كانی گۆرانیی كوردی باسی لێوه بكه‌ین و لێكۆڵینه‌وه بكه‌ین كه تاچ راده‌یه‌ك توانیویانه جوانی ئه‌و ده‌نگانه ببینین چۆن توانیویانه خۆیان له‌قه‌ره‌ی لاوك بده‌ن ؟یاخود گۆرانی هه‌رچه‌نده بابه‌ته‌كانی مه‌قام ده‌بێ به تایبه‌ت باس بكرێت،به‌ڵام بابه‌ته‌كانی وه‌ك حه‌یران و مه‌قامه‌كانی تر له‌بواری ژهنینیشدا رۆڵی دیارمان نییه، تا ئەو کاتەی تیپه‌كان له هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه دروست بوون وه‌ك تیپی ده‌رسیم و تیپی مه‌وله‌وی له سلێمانی و تیپی رانیه‌و تیپی پاشای گه‌وره‌و ئێستاش كۆمه‌ڵێ گروپی ئافره‌تی موزیكژه‌ن هه‌نه كه توانستی ئه‌و بابه‌ته‌یان تیادا به‌دی ده‌كرێ.
دواتر رۆڵی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان له ( 41 )ساڵی رابردوو له سلێمانی كۆمه‌ڵێ له ئافره‌ت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی پێگه‌یشتن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر رۆڵی ئافره‌ت له گۆرانی و موزیكی كوردیدا، ده‌بێ هه‌میشه گۆرانی له‌پێش بابه‌ته‌كانه‌وه بێت، وه‌ك چۆن گۆرانی له مێژووشدا پێش موزیك كه‌وتووه و قوڕگی مرۆڤیش یه‌كه‌م ئامێری موزیكی بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌لایه‌نی زانستییه‌وه بنواڕینه ئه‌م بابه‌ته وه‌ك باوه‌ڕێكی پته‌و هه‌ندێ شتی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بنیاد بنێین،
نكۆڵی له‌وه ناكرێ كه‌وا رۆڵی ئافره‌ت رۆڵێكی زۆر بنه‌ڕه‌تییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر زانستی ده‌نگ وه‌ك ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه له به‌ر ده‌ستمانه و شیته‌ڵی بكه‌ین، ده‌بینین ده‌نگی مرۆڤ له‌سێ چینه ده‌نگی پێكهاتووه كه ده‌نگی پیاوان و ئافره‌تان و منداڵان، بۆیه ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له بواری ده‌نگ و زانستی ده‌نگ ئاوازی بۆ داده‌نرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا هه‌ر له چاخه‌كانی كۆنه‌وه تاكو چاخه‌كانی رۆمانتیك و چاخی نوێش، رۆڵێكی كاریگه‌ری له بونیادنانی ده‌نگه‌كانی ئاده‌میزادو چۆنیه‌تی دانانی بابه‌ته‌كانی كۆڕاڵ و گۆرانی و سرووده ئایینییه‌كان بووه و ئه‌وانه له‌سه‌ر ئه‌وه بنیادنراون كه ئافره‌ت رۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێت و وه‌ك ده‌نگێكی (سۆپڕانۆ و میزۆ سۆپڕانۆ و ئاڵتۆ ) كه ئه‌مانه سێ چینه ده‌نگی گرنگن كه‌وا ده‌بێ ئافره‌ت رۆڵی خۆی تیادا ببینێت و بێ ئه‌مانه ناكرێ باس لە بابه‌تێكی زانستی كۆڕاڵ بكه‌یت.
هه‌مدیس پێویستمان به‌و ده‌نگانه‌یه له بواره‌كانی گۆرانیدا، له‌بواره‌كانی ژهنینیشدا هیچ جیاوازییه‌ك له ژه‌نینی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ ژه‌نینی پیاودا نابینین، كه‌چی له هه‌ندێ بواردا ژه‌نینی ئافره‌ت ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری به‌سه‌ر بونیاد و به‌سه‌ر بواره‌كانی تری ژیانه‌وه هه‌بێت، چونكه هاندانێكی باشه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له گروپهكهدان بۆ به‌رده‌وام بوون له كاری هونه‌ری و هه‌روه‌ها به‌شداربوونیشیان وه‌ك بابه‌تێكی ده‌رونیش سه‌یر ده‌كرێن وه‌ك ئه‌و لایه‌نه سۆزدارییه لای ئافره‌ت زۆرتره به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاو، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا كۆمه‌ڵێ بابه‌تی زانستی و سۆزداری بڕژێته نێو ئامێرهكانهوهو له‌وێوه‌ش بگاته جه‌ماوه‌ر و چێژێكی هونه‌ری تر دروست ببێت كه ئه‌و چێژه هه‌میشه ئێمه پێویستمان پێیه‌تی دواتر ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌وا پیاو بۆ ئافره‌تان ده‌یڵێن و دووباره له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه بۆ پیاوان بوترێته‌وه دیاره ئه‌م بابه‌ته لای ئێمه تا ئێستا نامۆیه.
