مووزیكی گوند مووزیكی شار
تا كۆتایی سەدەی بیستەم، ئێمە لە زمانی نووسیندا وشەی (مۆسیقا)مان بەكار دەهێنا. لەگەڵ نوێ بوونەوەی سەدە، وشەی وەك (موزیك، مووزیك، میوزیك) كەوتنە سەر زاری خەڵك و نێو نووسینی كوردییەوە. من و تۆ هەر كام لەو وشانە بەكار بهێنین، هەڵەمان نەكردووە، بە تایبەتی كە زمان بۆ خۆی چەشنی زیندەوەر وایە، دروست وەك درەخت وایە، گەڵای نوێ دەر دەكات، گەڵای كۆن یان بێ كەڵكی لێ دەوەرێت.
ئا/ تاریق كارێزی
بە حوكمی ئەوەی گوند پێش شار دروست بووە، سەرەتا مووزیك لە گوندەوە پەیدا بووە. خەڵكی گوندیش لە دەنگی دیاردەكانی سروشتەوە گوێیان لە مووزیك بووە. دەنگی مەل و باڵندە، گیاندار و ئاژەڵان، خوڕە و قەڵبەزەی ئاو، كسپەی گەڵاڵی دار، گرم و هۆڕی هەور، هاژەی با. هتد. هەموو ئەمانە گوێ و دەروونی مرۆڤیان ئالوودە بە دەنگی مووزیك كردووە. هەر بۆیە لە گوندەواری كوردستان چەندین ئامێری مووزیك پەیدا بوون، شمشاڵ، دووزەلە، زوڕنا، دەف، نەی، دەهۆڵ و گەلێك ئامێری دی. لە ژیانی ڕۆژانە و لە ئاهەنگ و بۆنەدا، گوندنشینان بە بیستنی دەنگ و ئاوازی چەندین ئامێر، چێژیان لە مووزیك وەردەگرت. مووزیكی گوندیش بە چەشنی ژیانی گوندەواری، سادە و گەرم و شادە. پەیوەستە بە ژیانی پڕ لە جووڵە و نەسرەوتی گوندنشینانەوە.
شار لە ئاكامی گەورە بوونی گوندەوە دروست بووە. هەموو ئاواییەك سەرەتا گوندێكی بچووك بووە، دواتر گوند بووە بە شارەدێ، ئەمیش هێدی هێدی گەشەی كردووە تا گەیشتووە بە قۆناغی شار. لە شاردا ژیان جەنجاڵە، خەڵكی لە نێو ژاوەژاو و قەرەباڵغیدا دەژین. ڕایەڵی پەیوەندیی نێوان شارنشینان ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە. ئەمەش كار لە سەلیقە و چێژ و چەشەی مرۆڤی شارنشین دەكات. لەگەڵ ئاڵۆز بوون و تێك چڕژانی پەیوەندیی نێوان خەڵك، دۆخی دەروونی ئەوانیش گۆڕانی بەسەردا دێت، بە چەشنێك سات هەیە ژیانی شار بۆ تاكە كەس گەرم و پڕ لە جۆش و خرۆشە، ساتیش هەیە مرۆڤ لە گۆشەی تەنیاییدا دەژی، بە چەشنێك لە شاردا ڕایەڵی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی نێو خەڵك بە جۆرێكی جیاوازە لە ڕایەڵی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی نێو خەڵكی گوند. گوندنشینان پەیوەندیی گەرم و گوڕ و ئۆرگانی كۆیان دەكاتەوە. ژیانی سادە هەمووان تێكەڵ بە یەك دەكات، لە شاردا گۆڕانێكی ڕیشەیی بەسەر ئەو ڕایەڵی پەیوەندییەدا دێت، دانیشتووانی شار بەسەر دەیان و سەدان پیشەی هەمەجۆردا دابەش دەبن. تا شار گەورەتر بێت، پیشە و كاری زیاتری تێدا پەیدا دەبێت، ئەمەش ڕێی فرەیی لە سەلیقە و چێژ و چەشە خۆش دەكات.
مووزیك و گۆرانی (دووەمیان وابەستە و زادەی یەكەمیانە) بە ئاواز و ڕیتم و شیعرەوە، زادەی دۆخی ژیانی كۆمەڵن. مێژووی هەزاران ساڵەی گوند لە كوردستاندا، لە ڕووی هونەری مووزیك و گۆرانییەوە دەوڵەمەندییەكی گەورەی گەڵاڵە كردووە. وردەكاریی ژیانی باوی لادێ لە مووزیك و گۆرانیی كوردیدا زۆر جوان و بە فراوانی بەرجەستە و تۆمار كراوە. مووزیك و گۆرانیی كوردی لە گوندەوە هاتە نێو شار، بەشی هەرە زۆری شارنشینانی كوردستان، لە پشتێكەوە تا سێ و چوار پشت، ڕیشە و ڕەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە سەر گوند. داماڵینی ڕۆحی گوندایەتی و ئاوێتە بوون بە ڕۆحی شار، قۆناغێكی درێژی دەوێت، گواستنەوە لە مووزیكی گوندەوە بۆ مووزیكی شاریش، كاتی زۆر و داهێنانی مەزنی دەوێت.
مووزیكی شار زادەی هەلومەرجی ژیانی شارە. هێشتا ماویەتی ئێمە (مەبەستم ڕێژەی زۆری خەڵكی كوردستانە) بە تەواوی ببینە شارنشین، ئەگەر بەوە بگەین كە ئێمە دەمانەوێت، ئەوكات مەزندەی ئەوە ناكرێت لە نێو شاردا گۆرانیبێژ باسی كانی و بێری و مەڕ دۆشین و میوە ڕنین بكات، حوكمی ژیانی شار دەخوازێت بە ڕۆح و چێژ و چەشە و دەروونیش، شارنشین بین. هەتا ئەم چركەساتە هونەری مووزیكی كوردی دەیسەلمێنێت، هێشتا خولیا و خەون، ئنجا چێژ و چەشەی گوندایەتی بەسەر زەینی ئێمەدا باڵادەستە.
