با هونەر قەڵغانی ژینگە بێت
ئەوە ناونیشانی سیمپۆزیۆمێك بوو، لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی هونەری بە ناوی «ژینگە ژیانە»، لە شاری كفری بەڕێوە چوو. سیمپۆزیۆم زاراوەیەكی گریكە، بە كۆڕی ئەو دانیشتن و گفتوگۆیە دەگوترا كە تێیدا باسی وێژە، هونەر، فەلسەفە و كۆمەڵ دەكرا. بەو دیوەخانەش دەگوترا كە دەستەیەك لە كەسایەتی بۆ باس كردنی بابەتێك بانگێشت دەكرانە ئەوێ. لەم سەردەمەشدا، زاراوەی سیمپۆزیۆم، تەنیا ئەو كۆڕە دەگرێتەوە كە كۆمەڵێك پسپۆری بواری زانین و داهێنان بۆ گفتوگۆ كردن لە بارەی بابەتێكەوە، بە تایبەتی بابەتی هونەر، تێیدا كۆ دەبنەوە. گرد بوونەوەی كۆمەڵێك شێوەكار و بەشداری كردنیان لە دروست كردنی بەرهەمی هونەریی تایبەت بە بابەتێكی دیاری كراو، لە كۆتاییشدا نمایش كردنی سەرجەم بەرهەمەكان لە پیشانگایەكدا، بەمە دەگوترێت سیمپۆزیوم. لەم ساڵانەی دوایی لە چەندین شاری كوردستاندا سیمپۆزیۆمی جۆربەجۆر بەڕێوە چوون.
ئا/ تاریق كارێزی
دەكرێ سیمپۆزیۆم بە ئامانجی هەمەجۆر بەڕێوە بچێت. یەكێك لەو سیمپۆزیۆمە گرنگ و كاریگەرانەی لە چەندین ڕەهەندەوە ڕەنگدانەوەی باشی هەبوو، سیمپۆزیۆمی (با هونەر قەلغانی ژینگە بێت)ـە، كە لە لایەن ڕێكخراوی ڕەنگ بۆ گەشە پێدان و ڕۆشنبیری، گرووپی كیژانی شێوەكاری كفری بە هاوكاریی كۆمپانیای گازپرۆم، لە شاری كفری بەڕێوە چوو.
بیرۆكەی پرۆژە و سیمپۆزیۆمەكەش لە وشك بوونی دەریاچەی باوە شاسوارەوە سەرچاوەی گرت. وشكە ساڵی و بێ بارانی و گۆڕانی كەش، دەریاچەی باوە شاسواری وشك كرد. هونەرمەندانی كفری ئەمەیان وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر ژیان و ژینگەی دەڤەرەكە لێك دایەوە. لە چەندین شاری كوردستانەوە هونەرمەندانی شێوەكاریان بۆ بەشداری كردن لە سیمپۆزیۆمەكە بانگێشت كرد. كەرەستەی كار كردن لە تەختایی ڕۆژاوای بەنداوی باوە شاسوار بۆ هونەرمەندان ئامادە كرا، ئەو تەختاییەی تێیدا شاخ و شینایی، ئاسمان و ئاو و ئاسۆ، دار و بار و باڵندە ئاوێزانی یەك بووبوون. میوان و هونەرمەندان لە ڕووبەرێكی كراوەدا سەرنجی ژینگە و سروشتیان دەدا، دەیان دیمەنی سەرنج ڕاكێشی سروشت، ئامێزی جوانیی بێ سنووری خۆیان بە ڕووی هەموواندا كردەوە. دوای دوو ڕۆژ كار كردن، كۆمەڵێك تابلۆ و پەیكەر و ماكێتی سیرامیك ئامادە كران. دواتر تەواوی بەرهەمەكانی سیمپۆزیۆمەكە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی شارەوە، لە بەنداوەكەوە بەرەو هۆڵێكی نێو شاری كفری گواسترانەوە و لە پیشانگایەكدا نیشانی مریدانی هونەر دران.
بەرنامەڕێژییەكی زۆر باش بۆ پرۆژە و سیمپۆزیۆمەكەش كرا بوو، كە كۆتایی كانوونی یەكەمی ڕابردوو بەڕێوە چوو. قوتابیان و مامۆستایان، خەڵكی ئاسایی، بەرپرسانی مەدەنی و سەربازی و گەلێك چین و توێژی دیكەی دانیشتووی شار، سەردانی شوێنی بەڕێوە چوونی سیمپۆزیۆمەكەیان كرد، ڕەنگ و فڵچە و كانڤاس بۆ هەمووان خرا بووە بەر دەست. میوانانی سیمپۆزیۆم بوون بە بەشێك لە چالاكییەكە، ئازاد كران لەوەی چیی دەخوازن بە ڕەنگ بیكێشن. لە دانە ڕۆژێكدا سەدان كەس سەردانی شوێنی سیمپۆزیۆمەكەیان كرد. هەمووان تێكەڵ بە كەشی هونەر بوون، لە ڕێی هونەرەوە داوایان دەكرد هەموو لایەك بە هانای سروشت و ژینگەوە بێن، لەوە زیاتر دۆخی دژوار نەبێت. بە هاناوە چوونی ژینگە و پاراستنی لە پیس بوون و شێوان، كارێكە لە خزمەتی بەرەی مرۆڤایەتی، كە وا خەریكە زۆر سەخت باجی بایەخ پێ نەدانی دەدات. لە پاڵ ئەوەشدا، سیمپۆزیۆمەكە پشتیوانی و هاودەنگیی بۆ پێشمەرگە دەربڕی، كە لە باوە شاسوارەوە هێندە دوور نا، خوێنی ئاڵی خۆی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستاندا بە ئازادیی كوردستان بەخشی.
هونەرمەندانی كفری بەم چالاكییە توانییان هونەر بكەن بە بەشێك لە ژیانی هەر هاووڵاتییەكی شار، هونەریان كردە فاكتەرێكی كارا بۆ ڕاست كردنەوەی ڕەوشێكی ناجۆری ژیان و ژینگە، تا كار بە ئاراستەیەكی ئەرێنی هەنگاو هەڵێنێت. بە دڵنیاییەوە ئەم چالاكییە تاجی سەری هونەرە، چونكە هونەر دەكاتە هەوێنێك بۆ برەودان بە لایەنی گەشی ژیان و ڕاماڵینی چەوتی و هەڕەشە و ناحەزی.
