نادین سەعب: ركابەرێتیی نێوان هونەرمەندان واقعێكە نكۆڵی لێناكرێت
هەرچەندە بەشداریی لە بەرنامەكانی دۆزینەوەی هونەرمەندە تازەپێگەیشتووەكاندا كردووە، بەڵام نادین سەعب یەكێكە لەو هونەرمەندە لوبنانیانەی زیاتر بە گۆرانی میللی ناسراوە بەتایبەتی گۆرانییە كۆنەكانی هونەرمەندەكانی لوبنانی و میسری.
نادین سەبارەت بە گرنگی بە سۆشیال میدیا دەڵێ:سۆشیال میدیا لای من زۆر گرنگە و زۆریش چالاكم لەو بوارەدا، گرنگییەكی زۆر بە ئەنستاگرام و فەیسبووك دەدەم و لەو رێگایەوە لەگەڵ هەوادارانمدا لە پەیوەندیی بەردەوامدام.
نادین تیشك دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان هونەرمەندان بەتایبەتی لەو سەردەمەی ئێستادا و دەڵێ:
-من دوورم لە هەموو جۆرە رق و كینەیەك بەرامبەر بە هونەرمەندان و هیچ گرفتێكم لەگەڵ كەسیان نییە، سەبارەت بە ركابەرێتی، ئەمەش واقیعە و كەس ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە، سەرەڕای ئەمەش من ركابەرێتی كەس ناكەم، تەنیا خۆم نەبێت، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین كە دۆستایەتی راستەقینە لە نێو هونەرمەنداندا نییە، تەنیا ژمارەیەكی كەم نەبێت.
سەبارەت بەو هونەرەی لە ئێستادا پێشكەش دەكرێت، نادین دەڵێ: من دژی هونەر نیم، بەتایبەتی ئەگەر گۆرانییەكان ئاوازێكی خێرایان هەبێت، هەروەها پێویستە تێكستی گۆرانییەكانیش لە ئاستێكی بەرزدا بن، بەداخەوە لە ئێستادا دەبینین كە زۆربەی تێكستەكان ئاستیان لاوازە، بەڵام ئاوازەكان لە ئاستێكی بەرزدان.
هەروەها دەڵێ: رێزم هەیە بۆ ئەوانەی كە هونەرێكی راستەقینە پێشكەش دەكەن، بێگومان ئەوانەی ئاستیشیان نزمە لە ئێمە باشتر درك بەوە دەكەن كە ئاستی بەرهەمەكانیان زۆر لاوازە، بەداخەوە لێرەو لەوێ لە رووی ماددییەوە پاڵپشتی دەكرێن و بەشێكیان تەنیا پشت بە شێوە و روخساری خۆیان دەبەستن، بەڵام هونەر تەنیا روخساری جوان و شێوە نییە، پێویستە هونەرمەند شێوەیەكی گونجاو و دەنگێكی خۆش و ئەدایەكی جوانیشی هەبێت، ئەوەیشی بیەوێ تەنیا پشت بە روخساری ببەستێت، وا باشترە روو لە نواندن، یان نمایشی جلوبەرگ بكات.
سەرچاوە: النهار
