بەڕێوەچوونی جەژنی بێڵندانە لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

بەڕێوەچوونی جەژنی بێڵندانە لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

بە ئاهەنگ و هەڵپەڕكێ لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جەژنی (بێلندانە) بەڕێوەچوو .

بەڕێوەچوونی جەژنی بێڵندانە لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان
بەڕێوەچوونی جەژنی بێڵندانە لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

بێڵندانە كە جەژنێكی كۆنی كوردییە مێژووەكەی بۆ 3هەزار ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە, ساڵانە لەگەڵ كۆتا ڕۆژەكانی وەرزی زستان و هاتنی وەرزی بەهار, لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە هەڵپەڕكێی پیرو گەنج و كوڕان و كچان بە هەڵكردنی ئاگرێكی گەورەوە ڕێوڕەسمەكە بەڕێوەدەچێت, بێڵندانە پێشوازییەكە لە وەرزی بەهارو هاوشێوەی نەورۆز بە ئاگر و هەڵپەڕكێی كوردی ئەم جەژنە بەرز ڕادەگیرێت .

بێڵندانە كە زیاتر لەلایەن گوندنشینانی سەر بە شارەكانی سەردەشت و مەهاباد و موكریان و ناوچەكانی دەوروبەری بەڕێوەدەچێت, ماوەی چەند ساڵێكە لە چەند شارێكی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان زیندوو كراوەتەوەو خەڵكی لە مەیدان و پانتاییەكی زەوی كۆ دەبنەوەو ئاهەنگی ئەو جەژنە دەگێڕن, جەژنی بێڵندانە نزیكەی 40 ڕۆژ دوای وەرزی زستان دەستپێدەكات و ناوهێنانی ئەم جەژنەش لە دوو ووشەی لێكدراو پێك هاتووە, بێڵندانە واتا (بێڵ-دانان) و چیتر دانیشتوانی ئەو ناوچەیە پێویستییان بە بێڵ نابێت بۆ ڕاماڵینی بەفر .

شێوازی ئەم ڕێوڕەسمە...

كاتێك دارەكان ئامادە دەكەن بۆ هەڵكردنی ئاگری جەژنەكە, دەبێت دارێكی درێژ لە ناوەڕاستی دارەكان بەرزبكرێتەوە, هەروەها لە چواردەوەری دارەكان چەند كۆلكەدارێك لە دەروبەری ئاگرەكە دادەنرێت و خواردنی وەك گەنم و گۆشت و ئاو و كەتیرەی لەسەر دادەنرێت, دوای هەڵكردنی ئاگركەوەكەو دوای بەربوونەوەی دارە بەرزەكە بە دیوی یەكێك لەم كۆڵكە دارانە, ئەوا بە پێی جۆری خواردنەكە مانایەك دەدات, ئەگەر بەو دیوە بەربێتەوە كە گۆشتی لێ دانراوە مانای ئەوە دەدات كە ئەو ساڵە مەڕو ماڵات زۆر دەبێت, وە ئەگەر لە دیوی ئاو بكەوێت ئەوە مانای ئەوە دەدات كە ئەو ساڵە بارانی باش دەبارێت و خاك بە پیت و بەرەكەت دەبێت بۆ كشتوكاڵ كردن .

هەروەها لە جەژنی بێڵندانە چەندین نمایشی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت, سوارچاكان بە ئەسپسواری لە دەوری ئاگرەكە ئەسوورێنەوەو خەڵكی ناوچەكە بە جلی كوردی و بە دەنگی دەهۆڵ و زووڕنا لە دەوری ئاگرەكە دەستدەكەن بە سەما و هەڵپەڕكێی كوردی, هەروەها لەگەڵ تیرهاوێژی و رمبازی چەند گەنجێكی سوارچاك نمایشی ئەسپسواری ئەنجام دەدەن, هەروەها لەم جەژنەدا خوێندنەوەی شیعر و گێڕانەوەی بەسەرهات و چیرۆكی كۆنی كوردی بە نمایشی شانۆیی پێشكەش دەكرێت .

ئاسۆ كاكەیی

Top