شەشەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای دژ بە تیرۆر ساز دەکرێت

شەشەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای دژ بە تیرۆر ساز دەکرێت

بڕیار وایە سبەی سێشەممە ١ی شوبات 2022 شەشەمین خولی فیستیڤاڵی سینەما دژی تیرۆر  بە بەشداری (٤٠) کورتە فیلم دەست پێبکات و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

لەم بارەوە پشتیوان عەبدوڵڵا سەرۆک و سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە بە گوڵانی راگەیاند: خولی شەشەمی فیستیڤاڵی سینەما دژی تیرۆر لەژێر ناوی (وڵات بونیاد دەنێین، تیرۆر لەگۆڕ دەنێین) دەبێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا (٤٠) کورتە فیلم نمایش دەکرێن، لەوانە (٢٠)یان فیلمی کوردین و نمایشەکان لە ئەمپایەر سینەما پێشکەش دەکرێن.

ئەوەشی راگەیاند کە (٨) خەڵات بەسەر سەرکەوتووان دابەش دەکرێن لەوانە خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین فیلمی فێکشن، باشترین دەرهێنان، باشترین فیلمی ئەنیمەیشن، باشترین فیلمی دیکۆمنتاری، باشترین نواندن، باشترین سیناریۆ لەگەڵ خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەران.

لە بارەی بەشداربووانەوە پشتیوان عەبدوڵڵا وتی: هەرچەندە ئاستەنگی زۆرمان بۆ درووستبوو ٢٠٠ میوان لە دەرەوەی هەولێر بانگهێشت کراون بە سپۆنەسەری پارێزگای هەولێر،  سپۆنسەری سەرەکی پرۆژەی هونەرمەندان ستییە و چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت وەک سپۆنسەر بەشدارن، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر بکەم بۆ خەمخۆریی بەڕێزیان بۆ پێشخستنی ئاستی رۆشنبیری و هونەری و کەلتوری لە شارەکەمان، هەروەها سوپاسی گشت سپۆنسەرەکانی دیکەش دەکەم کە بە هەر شێوەیەک بەشدارن لە سەرخستنی ئەم فیستیڤاڵە.

لەبارەی چالاکییەکانی تری فیستیڤاڵەکەش وتی: لە رۆژانی فیستیڤاڵ سیمیناری تایبەت دەربارەی سینەما و چەمکی تیرۆر پێشکەش دەکرێت، هەروەها رۆژێک تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی میوانانی فیستڤاڵ چەند شوێنێکی شاری هەولێر ببینن ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ تیرۆریستان کە ئێمە دەتوانین بە بونیاد نان تیرۆر لە گۆڕ بنێین.

شەشەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای دژ بە تیرۆر ساز دەکرێت
Top