«نانی پیرۆز» خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی «دهۆك»ی بەدەست هێنا
فیلمی دیكۆمێنتیی «نانی پیرۆز» لە دەرهێنانی ڕەوانشاد «ڕەحیم زەبیحی» و لە بەرهەمهێنانی «توورەج ئەسڵانی» خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕكێی «سینەمای كوردی» لە هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «دهۆك» بەدەستهێنا.
فیلمی دیكۆمێنتیی «نانی پیرۆز» (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماكاری كۆچكردووی كورد «رەحیم زەبیحی»، لە بەرهەمهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد «توورەج ئەسڵانی» و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی «ماد موڤی» MAAD Movie، دوای بەشداریی لە فیستیڤاڵە گرینگە جیهانییەكان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ، لە نوێترین و دەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، بە ئامادەبوونی «توورەج ئەسڵانی» بەرهەمهێنەر و «ئیلاهە نەوبەخت» بڵاوكەرەوەی نێودەوڵەتیی ئەم بەرهەمە كوردییە، لە بەشی پێشبڕكێی «بەڵگەفیلمەكانی سینەمای كوردی» لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «دهۆك» و لە دوو سانسی جیاوازدا، لە هۆڵی سینەمایی «دهۆك مۆڵ» لە شاری دهۆك لە هەرێمی كوردستان نمایش كرا و، لە لایەن ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران و ڕەخنەگرانی سینەمایی و، هەروەها ئامادە بووان، لەم ڕووداوە سینەماییەدا پێشوازیی لێ كرا و، توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕكێی «سینەمای كوردی» ئەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك» بەدەست بهێنێت.
خاتوو «ئیلاهە نەوبەخت» ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتیی ستافی «نانی پیرۆز» وەك بەرهەمهێنەری هاوبەش وەرگرت و، لە وتەیەكی كورتدا گوتی: «ڕۆحی ڕەوانشاد ڕەحیم زەبیحی شاد بێت و بە سوپاس لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»، نانی پیرۆز، دوای بەشداریی لە فیستیڤاڵە گەورە و گرینگەكانی «ئیدفا» IDFA، «هات داكس» Hot Docs و «زاگڕێب داكس» ZagrebDox ئێمە ئەمڕۆ لە دهۆكین. شوێنێك كە پێگە و جێگای نمایشی ئەم فیلمە بوو، لە ڕاستیدا شوێنێك كە زمانی دایكیی كەسایەتییەكانی «نانی پیرۆز»ـە و ئەم بەڵگەفیلمە بەم زمانە خوڵقێندراوە.
