لیوا عەبدولقادر عەزیز ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم بۆ گوڵان:   هۆكاری سەرەكیی ڕووداوەكانی هاتوچۆ شوفێرانن كە پابەندی ڕێنمایی و یاساكان نابن

لیوا عەبدولقادر عەزیز ئیبراهیم  بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم بۆ گوڵان:     هۆكاری سەرەكیی ڕووداوەكانی هاتوچۆ شوفێرانن كە پابەندی ڕێنمایی و یاساكان نابن

 

 

ڕووداوەكانی هاتوچۆ خوێنبەربوونێكی بەردەوامی مرۆیی و ماددییە و، ڕۆژانە گیانی خەڵك و سەروەت و سامانی هاووڵاتییانی تێدا لە ناو دەچێت، ئامارەكان لەم ڕووەوە ژمارەی مەترسیدارمان پێ دەڵێن، هۆكار و ڕێگەكانی چارەسەركردنی ئەم كێشە گەورەیە، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ لیوا عەبدولقادر عەزیز ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم.

 

 

* ئەو بارودۆخەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە بارەی هاتوچۆوە لە چ ئاستێكدایە و كێشەكان زیاتر چین؟

-  خراپیی ڕێگەوبان یەكێكە لە كێشەكانی هاتوچۆ، بەڵام ئێستاكە لە هەرێمی كوردستان ڕێگەوبانەكان تاڕاددەیەكی باش كاریان لەسەر كراوە و، بەو شێوەیە نییە كە ببێتە هۆكارێكی سەرەكیی كێشە و ڕووداوەكانی هاتوچۆ، كێشەی سەرەكی شوفێرانن، كە پابەند نابن بە یاسا و ڕێنماییەكانی هاتوچۆوە، ڕاستە ژمارە و ڕێژەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان زۆرە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخی هاتوچۆ لە هەرێم خراپ نییە، وەك ئەوەی بڵێیت بێسەروبەر بێت، بەڵكو بەپێی ئەو ستانداردەی لە جیهاندا هەیە، هاتوچۆی هەرێم لە دۆخێكی ئاساییدایە، بەتایبەت بەراورد بە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕەوش و ئاستی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان زۆر باشترە، هۆكارەكەش بەتایبەت لە شاری هەولێر، ڕێگەوبانەكانمانە كە بەراورد بە چەند ساڵ پێش ئێستا زۆر باشتر و بەرفراوانتر بوون، هەر بۆ نموونە: لە شاری هەولێر چەندین بەرزەپرد و تونێڵی هاتوچۆ و شەقامی ستراتیژیی وەك 120مەتری و 150مەتری دروست كراون، ئەگەر بێت و شەقامی هەولێر – كۆیە و شەقامی 100مەتری لە ناو شاری سلێمانی تەواو ببێت، ڕەوشەكە باشتر دەبێت، بۆیە دەبینین كار و پڕۆژەی ڕێگەوبانی زۆر گرنگ بۆ كەمبوونەوە و ئاسانكاریی هاتوچۆ جێبەجێ كراون، كە هەموو ئەمانەش بۆ هیممەت و خەمخۆریی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەم كابینەیەدا بەرنامە و پلانی باش و ستراتیژی بۆ بوار و كەرتی ڕێگەوبان هەیە، هۆكارێكی دیكەی باشیی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگیپێدانەی جەنابی وەزیری ناوخۆ بە بواری هاتوچۆ، بە تایبەتی لە ڕووی بینایەی دامودەزگاكانمان و پێداویستیی هاتوچۆ، وەك دابینكردنی نیشانە و ڕێنوێنەكانی ئەندازەی هاتوچۆ.

* ئەی هۆكاری ئەو هەموو ڕووداوانەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟

-  وەك لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ دا، لە ڕاستیدا زۆربەی هۆكاری ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان كە ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین، بۆ شوفێران دەگەڕێتەوە، ئۆتۆمبێلەكانی هەرێمی كوردستان هەر هەمووی نوێن و مۆدیڵی تازەن، بەڵام شوفێران ئەو ڕێنمایی و سنوورەیان بۆیان دانراوە، بەتایبەتی لە خێراییدا پابەندی نابن، بۆ نموونە لە ڕێگەیەكی دەرەوەدا بۆی دانراوە خێرایی 100كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بێت، كەچی ئەو بە تیژڕەویی (150 و 200) دەڕوات، ئەوەش وا دەكات كە لە هەر حاڵەتێكی لەناكاودا ئۆتۆمبێلەكە كۆنتڕۆڵ ناكرێت، هەر بۆیە دەبێتە هۆكاری ڕووداو، تا ئاستی ڕووداوی كارەساتی ناخۆش و جەرگبڕ، هۆكاری دیكەش هەن، وەك خۆ خەریككردن بە ڕادیۆ و مۆبایلەوە، لەلایەكی دیكەوە ئەو ڕووداوانەی كە ڕۆژانە ڕوو دەدەن و، ئەو قەرەباڵغی و زۆریی ئۆتۆمبێلە، دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی، كە تا ئێستا هەرێم خاوەنی گواستنەوەی گشتیی هاوچەرخ نییە، وەك ترام كە چەندین ساڵە پڕۆژەیەكی ئاوا بۆ شاری هەولێر دیزاینیش كراوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

* ئایا ڕێنمایی و تابلۆكانی هاتوچۆ بەپێی پێویست دانراون، یان كارەكانی ئەندازەی هاتوچۆ بەپێی زانست و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ جێبەجێ دەكرێن؟

- بێگومان یەكێك لەو كار و ئیشانەی كە ئەركێكی پێویست و گرنگە بۆ بواری هاتوچۆ، بریتییە لە دانانی نیشانە و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ لە شەقام و ڕێگەوبانەكاندا، كە ئەمەش ئەركی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتوچۆیە، كە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی هەیە و، بەپێی پێویستیی شەقام و ڕێگەوبانەكان بە ئەرك و دانانی نیشانەكانی هاتوچۆ هەڵدەستن، هەرچەندە لەو قەیرانی داراییەی بە سەر هەرێمی كوردستاندا هات، تا ڕاددەیەك كاریگەریی لەسەر كار و ئیشەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دروست كرد، بەڵام ئێمە داهاتی خۆمان هەیە و بەپێی یاسای و ڕێنماییەكان لە كار و پڕۆژە و پێداویستییەكانی خۆماندا خەرجی دەكەینەوە.

* ئایا ئەو مەرجانەی بۆ شوفێران دانراون، وەك خۆیان جێبەجێ دەكرێت، یان بۆچی یاساو سزاكان توند ناكرێن، بۆ ئەوەی ڕۆژانە هاتوچۆ بە كەمترین كێشە هەبێت؟

-  ئێمە بەپێی یاسای 86ی ساڵی 2004 كار دەكەین، كە ئەو یاسایەش كۆن بووە و پێویستی بە هەمواركردن، یان گۆڕین هەیە، بەڵام عێراق ئێستا بە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2019 كار دەكات، كە ئەو یاسایە سزا و ڕێكاری تێدا توندترە لەوەی كە ئێمە هەمانە، هەر بۆیە ماوەیەكە ئێمە لەگەڵ حكومەتی عێراق خەریكین و لە گفتوگۆداین، تا بتوانین ئەو یاسای هاتوچۆیەی هەمانە بیگۆڕین، یان هەمواری بكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیەكمان هەیە كە دەمانەوێت ئەو بڕە و ماددانەی لە یاساكەی ئەواندا هەیە و باشە، باشتری بكەین و، ئەوەی پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، هەمواری بكەینەوە، من خۆم لەگەڵ ئەوەدام پێبژاردن لەسەر شوفێر زیاد بكرێت، تا شوفێران پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بن، بەڵام لە هەمان كاتدا ڕسوومات كەم بكرێتەوە.

* ئایا شارەكانی كوردستان، بۆ نموونە شارێكی وەك هەولێر پێویستی بەوە نییە تۆنێل و ئۆڤەرپاسی زیاتری بۆ دروست بكرێت، بەتایبەتی لەو شوێنانەی تا ئێستا هۆكاری جەنجاڵی و قەرەباڵغین، وەك پێش نەخۆشخانەی پار و دووكانەكانی جوانكاریی سەر شەقامی 60مەتری؟

-  ئێستا تونێڵ و ئۆڤەرپاس لە بەرنامەدا نییە، لەو شوێنانەی وەك نموونەش ئاماژەمان پێ دا، بەتایبەتی لە سووڕانەوەكانی سەر شەقامی 60مەتری ناتوانرێت تۆنێل و ئۆڤەرپاس دروست بكرێت، بەڵام بۆ ئەو حاڵەتانەی دەڵێن وەك سەر 60مەتری پێش دووكانەكانی جوانكاریی ئۆتۆمبێل، ئەوە لەكاتی خۆیدا بۆ پارێزگای هەولێر نووسراومان كرد، كە ئەو دووكانانە شوێنێكیان لە دەرەوەی شار بۆ تەرخان بكەن و بیانگوازنەوە، تا ئەو قەرەباڵغییە لەو شوێنە كە ئێستا ڕوودەدات، نەمێنێت، ئەگەرچی تا ئێستا پارێزگای هەولێر بە دوای داواكارییەكەمان نەهاتوون، بەڵام پێویستە و دەكرێت ئەو جۆرە شوێن و دووكانانە بگوازرێنەوە.

* ئایا لە هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی تیژڕەوی و كەمبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، پێویست بەوە ناكات كامێرای جێگیر زیاد بكرێت؟ لەلایەكی دیكەوە لە ناو خەڵك قسەی وا هەیە كە كامێرای چاودێری بە كەرتی تایبەت بدرێت، ئایا ئەمە تاچەند ڕاستە؟       

- ئێمە ئێستا بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیەكی زۆر گەورە و ستراتیژیمان بۆ سنوورەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕانیە و گەرمیان لە بەردەستە، كە دانانی 225 كامێرای جێگیرە و ئێستا ئەو پرۆژەیە لە قۆناغی دانان و بەستنی كامێراكاندان، لەدوای ئەو شوێنانە پڕۆژەكە بەردەوام دەبێت لە هەولێر و دهۆكیش و ژمارەیەكی باش كامێرای جێگیر دادەنرێت، كە بە كۆتاییهاتنی ئەو پڕۆژەیە تا ئاستێكی باش دەتوانرێت زاڵ بین بە سەر خێرایی و تیژڕەوی و سەرپێچیەكانی شوفێراندا، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆ و ئیجابیی دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، ئەو كامێرانەی لەو پرۆژەیەدا دادەنرێن، زۆر پڕۆڤیشناڵ و پێشكەوتوو و هەستیارن، سەبارەت بەوەی كامێرای چاودێریی هاتوچۆ بە كەرتی تایبەت بدرێت، جەنابی وەزیری ناوخۆ ئەو كارەی ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند ناكرێت كامێرای چاودێری بە كەرتی تایبەت بدرێت، بەڵكو هەر خۆمان سەرپەرشتیی دەكەین.

* ئایا لە هەرێمی كوردستان توانراوە شوفێر دروست بكرێت، یان تەنیا مۆڵەتتان بە خەڵك داوە؟ هەروەها ئەو سیستەمەی ئێستا لە مۆڵەتدان پیادە دەكرێت، ئایا وای كردووە ئاستی لێزانیی شوفێران باشتر بێت و ببێتە هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ؟

- ئەوە زۆر ڕاستە كە تەنیا مۆڵەتی شوفێری دراوە و، نەتوانراوە شوفێر دروست بكرێت، بەڵام ئەو سیستمی كۆرییەی ئێستا بۆ پێدانی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێمی كوردستان دانراوە، زۆر پێشكەوتوو و هاوچەرخە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە شوفێر خۆی هەوڵ بدات خۆی دروست بكات، كە ئەمەش بە پابەندبوونی ڕێنمایی و یاساكانی هاتوچۆیە، ئەگینا هەرچی لەگەڵی بكەیت بێسوودە.

* پڕۆژەیەك لە بەرنامەتاندا هەیە كە ئەویش گۆڕینی تابلۆكانی ئۆتۆمبێلە، ئایا ئەم پرۆژەیە بە چ مەبەستێكە و لە چ قۆناغێكدایە؟

- ساڵانێكە خەریكی ئەو پڕۆژەیەین، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراقی فیدڕاڵیش لەو بارەوە چەندین كۆبوونەوە و گفتوگۆمان كردووە. كاتی خۆی دوای ساڵی 2003 حكومەتی عێراقی تابلۆیەكی دەستنیشان كرد، بەڵام ئێستا ئێمە داوامان كردووە تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەموو عێراق بە كوردستانیشەوە، هەر لە زاخۆوە تا بەسرا یەك بخرێت و بە یەك شێوە و یەك دیزاین بێت، ئێستاكە دیزاینەكانمان تەواو كردووە، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و، ئەو كار و پڕۆژەیەش مەبەستی ئەوەیە كە هەموو تابلۆكان یەك جۆر بێت، بەم شێوەیە كەس ناتوانێت شێوە و جۆری تابلۆی دیكە بەكار بهێنێت و، ناتوانرێت لەم بارەوە ساختەكاری بكرێت، هەموو ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەش دەردەكەون كە بێ مەنەفێست و بێ تابلۆ و بێ سەرەتان، لەلایەكی دیكەوە بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان بەو شێوە و سیستەمەی كە جێبەجێی دەكەین، ڕۆڵێكی ئیجابی لە ڕووی ئەمنییەوە دەستەبەر دەبێت.

Top