مێژووی ئوتووی هەڵمی لە كوردستان

مێژووی ئوتووی هەڵمی لە كوردستان

ئازاد سەید ئەحمەد سەید حەسەن، لە ئوتوووی هەڵمیی سەید ئەحمەد سەبارەت بە مێژووی ئوتوووی هەڵمی دەڵێت: ئێمە لە ساڵی 1963 لەلایەن باوكمەوە لە هەولێر ئوتووومان داناوە، ئەو كاتە ئوتوووەكان بە نەوت ئیشیان دەكرد، ئەو ئامێرانەمان لە بەغدا دەهێنا، لەگەڵ مام قەدۆ دوو مەكینەمان بەناوی (هۆفمانی فەرەنسی) هێنا، لەهەمان كاتدا ئوتوووی دەستییش هەبوو كە بە خەڵووز گەرم دەكرا، پیاوێك لە موسڵ بەو ئوتوووە خەڵوزانە كاری دەكرد، ئەو كاتە زیاتر ئاغا و پیاوانی دەوڵەمەند لە كاتی درووێنە دەهاتن پارەی ئوتوووەكانیان دەهێنا، ئەو كاتە جل شووشتن و ئوتوووكردن ماوەی (15) ڕۆژی پێ دەچوو، ئەو سەردەمە جلشووشتن هەبوون و مادەی جلشۆر (غەسالە)ی ئەمریكی هەبوو لە جۆری دبلیوو ئێس (WS) لە مستەودع دەفرۆشرا، كە ماددەیەكی تایبەت بوو بە شووشتنی جلوبەرگ، چاكێتەكان بە ئاو نەدەشووردران، تا تێك نەچێت، بەڵكو بە ماددەی تایبەت دەشۆردران، بۆ نموونە: ڕۆژانە پێویستیمان بە دوو تەنەكە نەوت و ئەو ماددەیە هەبوو بۆ شتنی جلەكان، ئەوكات كارمان زۆر بوو، هەندێ ڕۆژ 24 كاتژمێر بەردەوام لەسەر كاربووین.

كۆنترین ئوتووی هەڵم لە كوردستان لە ساڵی 1939 دامەزرا، ئوتووی خەڵووز هەبوو، پاش 1940 زیاتر پەرە بە ئوتووە درا، پاش چلەكانی سەدەی ڕابردوو ئوتووی پرێسیش دەركەوت، ئەو كاتە چاكێت و پانتۆڵ نەبوون، یان زۆر كەم بوون، زیاتر جلی كوردی، عەبای ژنان، قابووتی كۆن، كراس و ئەوانە بوون، كە پەڕۆیەك دەخرایە سەر پرێسەكە تاوەكو نەسووتێت، زۆر جار شتومەك لە نێو گیرفانی جلەكاندا بەجێ دەمان، یان دەدۆزانەوە كە بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێنرانەوە، ئێستاش كە ئوتووی هەڵمی هەیە، ئیشكردن ئاسانترە، نرخی ئوتووی هەڵمی جیاوازە لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە، بەهۆی ئەوەی هەر یەكە نرخێك دادەنێت، پێشتر قات بە 300 فلس ئوتوو دەكرا، هەرچەندە ئێستادا ئوتووی هەڵمیی تازە پەیدا بوون و لە ماڵەكاندا هەن، بەڵام ئەو دەقەی لە ئوتووی هەڵمیی بازاڕ و شوێنی گشتیدا هەن، جوانتر و باشترە لە هی ئوتووی ماڵان.

 

Top