دوای 25ڕۆژ كوڕەكەی شارۆخان بە كەفالەت ئازادكرا
ئەگەر چی ئەستێرەی دیاری بۆڵیوود(شارۆخان) لەڕێی دادگاوە هەوڵیدا كوڕەكەی بە كەفالەت ئازاد بكات, بەڵام لە دوو بەرواری جیاوازدا هەوڵەكانی سەركەوتو نەبوو و تا ڕۆژی پێنجشەممە 28/10/2021 دادگای باڵای مۆمبای لە وڵاتی هیندستان (ئاریان خان)ی كوڕی شارۆخان و هەردوو هاوڕێیەكەی بە كەفالەت ئازاد كرد, بەڵام دادگا بەپێی یاسای وڵاتەكە چەند مەرجێكی بۆیان دیاری كردووەو دەبێت پابەندی بڕگەو مادە یاساییەكان بن, لەوانەش ئامادەبوونیان لە كاتی دیاریكراو لە دادگادا بەبێ دوا كەوتن و ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی مۆمبای لە كاتی گەشتكردن بۆ دەرەوەی مۆمبای و چەند بڕگەیەكی دیكە, ئەمەش تا ئەوكاتە دەبێت كە دادگا بڕیاری كۆتایی دەدات .
ئەم ڕووداوە بووە هەواڵی گەرمی میدیا جیهانییەكان و زیندانی كردنی ئاریانا بۆ ماوەی 25 ڕۆژ بووە مایەی پرسیار, كە بۆچی كەسایەتییەكی دیاری وەك (شارۆخان) نەیتوانی كوڕەكەی ئازاد بكات, كە شارۆخان چەندین پڕۆژەی خێرخوازی ئەنجامداوە ئەمەش جگە لە پاڵپشتیی دامەزراوە تەندرووستییەكان بەتایبەت لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە هیندستان .
ئازادكردنی (ئاریان خان) بە كەفالەت لەگەڵ هەردوو هاوڕێیەكەی دوای 25 ڕۆژ لە دەستگیركردنیان, دەگەڕێتەوە بۆ دوای گەشتێكی دەریایی كاتێك ئاریان و چەند هاوڕێیەكی لەناو بەلەمێكدا دەبن لە 2/10/2021, بەڵام دوای هەڵكوتانە سەریان لە لایەن هێزەكانی پۆلیس و دوای پشكنینەكان دەستبەسەر بڕیك لە مادەی هۆشبەر دەگیرێت, كە بەمەش ئاریان و (ئارباز میرشانت) و (مون دمیتشا) و چەند كەسانێكی دیكە دەستگیر دەكرێن .
لە ماوەكانی ڕابردوو پارێزەری ئاریان خان لە دادگادا ڕایگەیاند كە ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ جۆرە مادەیەكی هۆشبەر لە خودی ئاریانای كوڕی شارۆخان نەدۆزراوەتەوە, هەروەها چەند جارێك لە دانیشتنەكانی دادگادا ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هیچ بەڵگەیەك بەدەستەوە نییە تاوەكو بیسەڵمێنێت كە ئاریان مادەی هۆشبەری بەكار هێنابێت .
ئاسۆ كاكەیی
