دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   كارتی وەرگرتنی ڤاكسین كۆدی لەسەرە و ساختە ناكرێت و لە دنیادا باوەڕپێكراوە

دكتۆر ئاسۆ حەوێزی  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     كارتی وەرگرتنی ڤاكسین كۆدی لەسەرە و ساختە ناكرێت و  لە دنیادا باوەڕپێكراوە

 

 

ئاشكرایە كە پەتای كۆرۆنا كێشەی گەورە و فرەلایەنی خوڵقاند و، لە ئێستاشدا ڕێژەی تووشبون و مردن بەم پەتایە مایەی نیگەرانییە، باشترین ڕێكاری بەرەنگاربوونەوەشی بریتییە لە بەكارهێنانی ڤاكسینی دژ بەم پەتایە، بۆ قسەكردن لە بارەی دۆخی ئەم پەتایە و ڕێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن خەڵكەوە و ژمارەی سەنتەر و بنكەكانی پێدانی ڤاكسین و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.

 

 

* بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی لە ڕووی پەتای كۆڕۆنا چۆنە؟ تا ئێستا لە هەرێم بە گشتی ژمارەی تووشبووان بە پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا چەندە و ژمارەی گیان لەدەستدان چۆنە و ئێستا چەند كەس لە نەخۆشخانەكاندا لە ژێر چاودێریی چڕدان؟

- ئەو ئاماژانەی هەیە پێمان دەلێت كە كۆڕۆنا هێشتا هەیە و مەترسیدارە و لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە حاڵەتی پۆزەتیڤ تۆمار دەكرێت و، حاڵەتی تووشبووی مەترسیدارمان هەیە و ڕێژەی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئێستا بەگشتی 11-15%بە گوێرەی ئەو پشكنینانەی كە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت. ئێستا لە هەموو هەرێمی كوردستان ئەو تووشبووانەی بەو پەتایە كە لە ژێر چاودێریی چڕدان، لە 100 نەخۆش نزیك دەبێتەوە، ئەمەش وادەكات ڕێژەیەك مردنی ڕۆژانە تۆمار بكرێت. هاوكات ئەگەر باسی هەولێر بكەین لە ڕووی تووشبوونی هاووڵاتییان بەو ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئەوە ڕۆژانە ڕێژەی تووشبوون لە نێوان 10-15%ە بەپێی ئەو پشكنینانەی بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت و ڕێژەكەش بەپێی ئەو پشكنینانەی ئەنجام دەدرێن، دەگۆڕێت.

* ئایا میكانیزمی پشكنینی كۆرۆنا خێراتر بووە و ڕۆژانە چەند كەس پشكنینیان بۆ دەكرێت؟

- بێگومان ئێستا پشكنینی ئەو ڤایرۆسە زۆر خێرایە و لە ماوەی چەند كاتژمێرێك دەرئەنجامی دەردەچێت و پشكنین هەر بەردەوامە و ڕۆژانە ژمارە و ڕێژەیەكی زۆر خەڵك لە لایان بنكە و سەنتەرەكانی تەندروستی پشكنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

* بەپێی ئەو ئامارەی لاتانە بەگشتی تا ئێستا چەند كەس لە هەرێمی كوردستان ژەمی یەكەمی ڤاكسینی وەرگرتووە و چەند كەسیش هەردوو ژەمی وەرگرتووە و ئایا هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو ڕێژەیە لە وەرگرتنی ڤاكسین كە پێویستە؟

- ئەو كەسانەی كە پێویستە لە هەرێمی كوردستان ڤاكسین وەربگرن، دیاری كراوە كە تەمەنیان لە سەرووی 18ساڵەوەیە، ئەمەش بڕیارێكی مەركەزییە و ژمارەكە زیاتر لە سێ ملیۆن و 255 هەزار كەسە كە ئەو ژمارەیە پێویستە هەردوو ژەم ڤاكسین وەربگرن و ئەوانەی یەكەم ژەمی ڤاكسینیان لەهەرێمی كوردستان وەرگرتوە 20%ە و ئەوەی هەردوو ژەمیان وەرگرتووە 13%ە، كە بەگشتی تا ئێستا لە هەرێم یەك ملیۆن و 100 هەزار ژەم ڤاكسین دابەش كراوە و لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەرگیراوە، وەرگرتنی ڤاكسینیش بەردەوامە لەلایەن خەڵكەوە. بەڵام تا ئێستا بەپێی ڕێنمایی و پێویست ڕێژەی تەواوی خەڵك ئەو ڤاكسینەیان وەرنەگرتووە، ئەگەرچی ئەوە بەدی دەكرێت كە خەڵك سەردانی سەنتەر و بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسین دەكەن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەكە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت. وەرگرتنی ڤاكسین زۆر پێویستە بۆ هەموو كەسێك تاوەكو بتوانرێت بەرگری لەشی بەهێزتر بێت و لەو پەتایە پارێزراو بێت. لەكاتێكیشدا تووشی پەتاكەش ببێت، ئەوا ئەگەر ڤاكسینی وەرگرتبێت زیاتر بەرگری دەكات و ژیانی پارێزراو دەبێت. بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم بۆ خۆپارێزی و بەرگریی لەش لەو پەتاییە دوو ڕێنمایی بە هەند وەربگرین و جێبەجیان بكەین، یەكەمیان: وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن خەڵكەوە زۆر پێویست و گرنگە. دووەم: ڕێنماییەكانی خۆپارێزی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

* وەك دكتۆر و شارەزایەك لە بارەی ڕێنماییەكان بۆ خۆپارێزی چی بە خەڵك دەڵێن؟

- ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی تەندروستی بۆ ئەو ڤایرۆسە هەروەك خۆیەتی و زۆریش پێویستە خەڵك پابەندیان بێت، بەتایبەتی بەستنی ماسك و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغ و دووریی نێوان خەڵك لە مەتر و نیوێك بۆ دوو مەتر بێت، تاوەكو بەركەوتن ڕوونەدات و دەستەكان بە سابوون و شامپۆ بە جوانی بشۆرن، لەكاتی هەستكردن بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەبوونی كۆكە سەردانی پزیشك و نەخۆشخانە بكەن بۆ دڵنیابوون لەو پەتایە پشكنین ئەنجام بدەن، هەر لەم ڕووەوە لەلایان وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم زۆر جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێنماییە خۆپارێزییە تەندروستییەكان دەكرێتەوە، بەڵام كە كەرەنتین نەبووەتە ڕێگایەك لەو كات و ساتە ئەوە زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بارودۆخی گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان ڕەچاو كراوە، بەڵام ئەگەر پەتاكە لەوە زیاتر و مەترسیدارتر بێت، ئەوە هەموو بیرۆكەیەك كراوەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت بۆ پاراستنی ژیان و گیانی هاووڵاتیانمان.

* ئایا جیاوازی لە نێوان جۆری ڤاكسینەكان هەیە و لە كوردستان بۆچی متمانە و ئامادەیی خەڵك بۆ كوتانەكە بەپێی پێویستی و مەترسیی ئەو پەتایە نییە؟ ئایا ڤاكسین تا چەند بەرگری لە جەستەی مرۆڤ دروست دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە؟ ئەو جۆرە ڤاكسینانەی بۆ كوردستان دابین كراوە، چین و ژمارەو ڕێژەیان تا ئێستا چەندە؟

- جیاوازی لەنێوان ڤاكسینەكان نییە و، هەر سێ لەو ڤاكسینانەی لە هەرێم بەردەستە وەك ڤایزەر و ئەنترازینیكا و سینۆفارما، هەر هەموویان لە ڕووی زانستی تەندروستی كاریگەریی زۆر باشیان هەیە. لە بەرنامەی نیشتمانی عێراقیش بەردەوام پشكی هەرێمی كوردستان دەگات و، ئێستا لە پاش ئەوەی خەڵك ناوی خۆی تۆمار دەكات بۆ لێدانی ڤاكسین، ئەوە زۆر بە خێرایی دەگەڕێتەوە، وەكو سەرەتا و چەند مانگێك پێش ئێستا نییە كە دوابكەوێت و هەر سێ جۆر لە ڤاكسینەكان بە بێ جیاوازی بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەشی مرۆڤ لە دژی ڤایرۆسەكە زۆر گرنگن. هەر بۆیە لێرەدا دڵنیایی بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدەین، كە متمانەیان بە ڤاكسینەكان هەبێت و، هۆكارێكی زۆر بەهێز و گرنگە بۆ بەهێزبوونی بەرگری و پاراستنی مرۆڤەكان لەو پەتایە و پێویستە هەموو ئەو كەسانەی دیاریكراون، ئەو ڤاكسینانە وەربگرن، وەرگرتنی ئەو ڤاكسینە وا دەكات بەرگریی لەشی مرۆڤ بەهێزتر بێت و شەڕی ڤایرۆسەكە بكات.

* بۆ خێراتر وەرگرتنی ڤاكسین چەند بنكە و سەنتەری وەرگرتنی ڤاكسین لە هەموو هەرێم بەگشتی و لە پارێزگای هەولێر بەتایبەتی دانراون، ناوەناوەش دەبیستین بۆ هەندی توێژی جیاجیا بنكە و شوێنی وەرگرتنی ڤاكسین دەكەنەوە، ئەمە بۆ كێیە و چۆنە، بۆ نموونە بۆ خانەنشینان و خاوەن پێداویستیی تایبەت؟

- ئێستا بەگشتی لە هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زیاتر لە 171 سەنتەر هەیە، و لەناو شارو و قەزا و ناحیەكانی سنووری پارێزگای هەولێریش نزیكەی 50 سەنتەری وەرگرتنی ڤاكسین هەیە. هەروەها بۆ چەندین چین و توێژی تایبەتیش- وەك كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خانەنشیان- تاوەكو ماندوو نەبن و بە خێرایی و بە ماوەیەكی كەم ڤاكسن وەربگرن، ئەوا سەنتەر و كاتی تایبەتمان بۆ كردوونەتەوە و ئەوان دەتوانن لە نزیكترین سەنتەر لە ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان وەربگرن، ئەمەش هەر خەمخۆریی حكومەتی هەرێمە بۆ خەڵكی كوردستان تاوەكو پارێزراو بن لەو ڤایرۆسە و وەرگرتنی ڤاكسین گرنگترین ڕێكارە بۆ خۆپارێزی و هێوركردنەوەی دۆخەكە لەو پەتایە.

* ئایا بۆ هەندێ كەس هەردوو ژەمی ڤاكسنیشی وەرگرتووە، هەر تووشی پەتاكە دەبێت، هەیە گیانیشی لەدەست داوە، ئەمە چۆنە؟

- زۆرجار باس لەوە دەكرێت ئەو كەسە ڤاكسینی وەرگرتووە و تووشی كۆڕۆنا بووە، بەڵام وەرگرتنی ڤاكسین زۆر گرنگە بۆ هەموو كەسێك، چونكە لە كاتێكدا تووشی ڤایرۆسەكەش بێت، ئەوە ڤاكسینەكە شەڕی ڤایرۆسەكە دەكات، لەبەر ئەوەی هێزی بەرگریی لەش زۆر بەرز دەكاتەوە و تا ئاستێكی باش مرۆڤەكان لە مردن ڕزگار دەكات. هەروەها لە كاتێكدا لەگەڵ شارەزایان و پسپۆڕان لەناو وەزارەتی تەندروستی و لەدەرەوەش لە نەخۆشخانەكان لەگەڵ پزیشكان قسە بكەیت، ئەوە بۆت ڕوون دەبێتەوە، زۆربەی زۆری ئەوانەی لە چاودێریی چڕدان، یان لە سەنتەر و نەخۆشخانەكان بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە خوێندراون، ئەو كەس و خەڵكانەن كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.

* ئایا بڕیارە لێدانی ڤاكسین بۆ هاووڵاتیان زیاتر و خێراتر بكرێت؟

- هەرچی پێویست بكات بۆ زیاتر خزمەتكردن و پارستنی گیان و ژیانی هاووڵاتیان حكومەتی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی و هەموو دامودەزگا تەندروستییەكان ئامادەیە و دەیگرێتەبەر و ئەو سەنتەر و بنكانەی ئێستا لە كوردستان لە شار و شارۆچەكان دیاری كراون، بۆ وەرگرتنی ڤاكسین بەپێی پێویستن و زیاتریش پێویست بێت ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەو سەنتەرانە دەكرێتەوە. بەڵام ئەوەی زیاتر لێرە گرنگە ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە پێویستە هاووڵاتیان بەرەو وەرگرتنی ڤاكسین بچن و دڵنیابن تا ئەوپەڕی متمانەوە وەرگرتنی ڤاكسین یەكێكە لە ڕێكارە هەرە پێویست و گرنگەكان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

* بڕیارە كارتی پێكوتە بە خەڵك بدرێت، مەرج بۆ ئەو كارتە چییە و گرنگیی كارتەكە چییە و مەرجەكانی چین؟ گوایە ئەو كارتە لە هەموو وڵاتانی جیهان قبووڵە و كاری پێ دەكرێت؟

- تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار كارتی ڤاكسین لە هەموو هەرێمی كوردستان بۆ ئەو خەڵكانە كراوە كە پشكی زیاتر بەر هەولێر كەوتووە، كە زیاتر لە 20 هەزار كەسە كە ئەو كارتەیان بۆ كراوە كە هەردوو ژەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، مەرجەكەش زیاتر ئەوەیە كە كەسەكە هەر دوو ژەمی ڤاكسینی وەرگرتبێت. ئەو كارتەش لە هەموو وڵاتانی دنیا باوەڕ پێ كراوە.

Top