لە ئەڵمانیا یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی «بەرلین» بەڕێوە چوو

لە ئەڵمانیا یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی «بەرلین» بەڕێوە چوو

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی «بەرلین» بە نمایشی بەرهەمی سینەماكارانی كورد و وڵاتانی بیانی، لە بەشە جۆراوجۆرەكانی چیرۆكی بەڵگەفیلم و، هەورەها بەشی پێشبڕكێی «كورتە فیلم» لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو.

مەنسوور جیهانی

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی «بەرلین» Berlin لە لایەن كۆمپانیای سینەمایی میتۆس فیلم (mîtosfilm)ی ئەڵمانی بە بەرپرسیاریی سینەماكاری كورد «مەمەد ئەكتاش» Mehmet Aktas، لە دەرهێنانی «كانی مەعرووف» Kani Marouf فیلمسازی كورد و بە نمایشی بەرهەمی سینەماكارانی كورد و وڵاتانی بیانی لە بەشە جۆراوجۆرەكانی چیرۆكی، بەڵگەفیلم و هەروەها بەشی پێشبڕكێی «كورتە فیلم» بە شێوەی ئامادەبوون و ڕچاوكردنی هەموو ڕێكارە تەندروستییەكان، هەروەها بە شێوەی ئۆنلاین بۆ هۆگرانی هونەری سینەما لە سەرتاسەری دنیا، لە ڕۆژانی 14 تا 20ی ئۆكتۆبەری 2021 لە سینەماكانی «بابیلۆن» BABYLON، «مۆڤیمێنتۆ» Moviemento و «ئێف ئێس كەی» FSK لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو.

فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی بەرلین لە ساڵی 2002 دامەزراوە و، بە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە سەرتاسەری ئەوروپا دێتە ئەژمار.

رێوڕەسمی كردنەوەی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی «بەرلین» لە كاتژمێر حەوتی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمە 14ی ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوە چوو و، لە كاتژمێر 7:30 شەو بە نمایشی فیلمی سینەمایی «ئەزموون» The Exam لە دەرهێنانی (شەوكەت ئەمین كوركی) لە سینەما «بابیلۆن»ی شاری بەرلین بە شێوەی فەرمی دەستی پێكرد و، پاشان كۆڕی وەڵام و پرسیاری ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی دەرهێنەر، هەروەها (ئاڤان جەمال و حوسێن حەسەن) ئەكتەرانی ئەم بەرهەمە كوردییە بەڕێوەچوو.

بەرنامەی فیستیڤاڵەكە بەم شێوەیە بوو:

لە ڕۆژی هەینی 15ی ئۆكتۆبەری 2021 و لە كاتژمێر 2:45ی دوانیوەڕۆ بەڵگەفیلمی بڵندی «ئابۆر» Abur لە دەرهێنانی هاوبەشی (گوڵ ئێرتۆنان كارا ئەسڵان) Gül Ertunan Karaaslan و (سێدات كیران) Sedat Kıran لە وڵاتی بەریتانیا و، لە كاتژمێر پێنجی ئێوارە نمایشی بەرهەمەكانی بەشی پێشبڕكێی «كورتە فیلم یەك» لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ» و هەروەها لە كاتژمێر 7:30ی شەو فیلمی سینەمایی «لایەنێكی دیكە لە ڕووبار» The other side of the river لە دەرهێنانی «ئانتۆنیۆ كیلیان» Antonia Kilian لە سینەما «بابیلۆن» لە شاری بەرلین نمایش كران.

لە ڕۆژی شەمە 16ی ئۆكتۆبەری 2021 و لە كاتژمێر 2:45ی دوانیوەڕۆ فیلمی سینەمایی «كیسەڵەكانیش دەتوانن بفڕن» Turtles Can Fly، لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد «بەهمەن قوبادی» لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ»، لە كاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ و، بەڵگەفیلمی بڵندی «ئامازۆن شارێكی گەورە» Amazonen einer Großstadt لە دەرهێنانی «دایس ئۆدۆرمات» Thais Odermatt كاتژمێر پێنجی ئێوارە لە سینەما «بابیلۆن»پێشكەش كرا، نمایشی بەرهەمەكانی بەشی پێشبڕكێی «كورتە فیلم دوو»، لە كاتژمێر حەوتی شەو، فیلمی سینەمایی «دوای رووخان» Après la chute لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد «هونەر سەلیم» و هەروەها لە كاتژمێر 9ی شەو فیلمی سینەمایی «پارێزەریی برا» Brother‘s Keeper لە دەرهێنانی «فەرید كاراهان» Ferit Karahan لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ» نمایش كرا.

لە ڕۆژی یەكشەمە 17ی ئۆكتۆبەری 2021 و لە كاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ نمایشی بەرهەمەكانی بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی «كورتە فیلم»، لە كاتژمێر چواری دوانیوەڕۆ صصو لە بەشی «سینەمای منداڵان» كورتە فیلمەكانی «بیرەوەرییە زستانییەكان» لە دەرهێنانی زەهرا كەبابیان و، «باڵەكۆلارە» لە دەرهێنانی سەید پەیام حسێنی و «زەیزان» Ziazan لە دەرهێنانی دەریا دورماز Derya Durmaz نمایش كران، لە كاتژمێر پێنجی ئێوارە بەڵگەفیلمی «برای بێدەنگی» Brother‘s of Silence لە دەرهێنانی تایلان مێنتاش Taylan Mintaş و، لە كاتژمێر حەوتی ئێوارە فیلمی سینەمایی «كیلۆمەتر زێڕۆ» KilomÈtre ZÉro لە دەرهێنانی «هونەر سەلیم» و هەروەها لە كاتژمێر 9:15ی شەو بەڵگەفیلمی بڵندی «ئەوینی كورد» Kurdish lover لە دەرهێنانی كلاریس هان Clarisse Hahn لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ» نمایش كرا.

هەر لە بەردەوامیی ئەم چالاكییانەدا لە ڕۆژی دووشەمە 18ی ئۆكتۆبەری 2021 و لە كاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ، بەڵگەفیلمی بڵندی «نامەیەك بۆ باوكم» A letter to my dad لە دەرهێنانی ئیبڕاهیم سەلمان، لە كاتژمێر 4:45 فیلمی سینەمایی «ڕەشەبا» The Dark Wind لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد حوسێن حەسەن و، لە كاتژمێر حەوتی ئێوارە بەڵگەفیلمی «هەڵەبجە: منداڵانی ونبوور» Halabja: the lost children لە دەرهێنانی «ئەكرەم هیدوو» Akram Hidou لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ» نمایش كران، هەروەها لە كاتژمێر حەوتی ئێوارە دەستكرا بە نمایشی بەرهەمەكانی بەشی ئەزموونی لە سینەما FSK و لە كاتژمێر 9ی شەویش فیلمی سینەمایی «سرتە لەگەڵ با» Whisper With the Wind لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد شەهرام عەلیدی نمایش كران و، لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەش كۆڕی ئەدەبیی (جەمیل شاهین) لەگەڵ (داستان جەسیم) نووسەری كتێبی «لەگەڵ هەموو سەگەكان بمرە» ALLE HUNDE STERBEN.

لە ڕۆژی سێشەمە 19ی ئۆكتۆبەری 2021 و لە كاتژمێر 2:30ی دوانیوەڕۆ بەڵگەفیلمی بڵندی «خاڵكۆ» Xalko لە دەرهێنانی هاوبەشی سامی مێرمێر (Sami Mermer) و «هیند بێنچێكڕۆم» Hind Benchekroun، لە كاتژمێر 4:45 بەڵگەفیلمی بڵندی «بەهەشت!» (!Paradies! Paradies) لە دەرهێنانی كوردوین ئەیووب Kurdwin Ayub، لە كاتژمێر 6:45 نمایشی بەرهەمەكانی بەشی پێشبڕكێی «كورتە فیلم 1» لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ» و هەروەها لە كاتژمێر 7ی ئێوارە نمایشی بەرهەمەكانی بەشی پێشبڕكێی «كورتە فیلم 2» لە سینەما FSK نمایش كران.

لە ڕۆژی سێشەمە 19ی ئۆكتۆبەری 2021 و لە كاتژمێر 9ی شەو بەڵگەفیلمی بڵندی «نانی پیرۆز» Holy Bread لە دەرهێنانی ڕەوانشاد «رەحیم زەبیحی»، لە بەرهەمێهنانی سینەماكاری كورد «توورەج ئەسڵانی» و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی «مادمووڤی» MAAD Movie لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ» لە شاری بەرلین نمایش كران.

لە ڕۆژی چوارشەمە 20ی ئۆكتۆبەری 2021 و لە دوایین ڕۆژی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی «بەرلین» و لە كاتژمێر 3:30 فیلمی سینەمایی «بیرەوەرییەكانی سەر بەرد» Memories On Ston لە دەرهێنانی «شەوكەت ئەمین كوركی»، لە كاتژمێر 6ی ئێوارێی «عەمەلیاتی رووماڵكردن» Heskîf + cleaning operation لە دەرهێنانی هاوبەشی «ئیلیف یگیت» Elif Yiğit و «باریس ستیوان» Baris Seyitvan، هەروەها ئەم ڕووداوە سینەماییە لە كاتژمێر 8ی شەو بە نمایشی فیلمی سینەمایی «ئەزموون» The Exam لە دەرهێنانی «شەوكەت ئەمین كوركی» لە سینەما «مۆڤیمێنتۆ» لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا كۆتایی پێهات.

Top