هیوا گەیلانی بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا بە مانای زامنكردنی زیاتری مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە
نزیكبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق، گوڕ و تینی زیاتر بە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دەدات، پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقدا هێزێكی كارا و كاریگەرە و ڕۆڵی گەورەی لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ئەم وڵاتەدا هەیە، بەشدارییەكی چالاكانە لەم هەڵمەتانەدا دەكات و، بە باوەڕ و متمانەبەخۆبوونەوە، لە ڕێی كار و كۆششی جددییەوە دەیەوێت ئەنجامی بەرچاو بە دەست بهێنێت. لەم بارەیەوە هیوا گەیلانی بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە بەم جۆرە پەیامی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان خستەڕوو:
پارتی لە هەلومەرجێكدا دامەزرا كە كوردستان پێویستی بە پارتێكی پێشڕەو و دیموكرات و بەهێز هەبوو، كە خاوەن دیدگا و گوتارێكی نەتەوەیی و سەردەمیانە بێت. لەو گۆشە نیگایەوە بارزانی-ی نەمر وەكو سەركردەیەكی مێژوویی و بەئەزموون بیری لە دامەزراندنی پارتی كردەوە، بە كردەوەش پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بووەتە چەتری كۆكەرەوەی هەموو نیشتیمانپەروەرێكی ئازادیخواز. هەروەها پارتی خاوەن گوتارێكی نەتەوەییە و خۆی نەبەستووەتەوە بە ئایدیۆلۆژیای بەرتەسكەوە. بۆیە تەواوی چین و توێژەكان، ئایین و ئایینزاكان، نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان پارتی بە هی خۆیان دەزانن. هاوكات پارتی لە ساڵانی پەنجاكاندا ئەندامی سەركردایەتی ئافرەتی هەبوو، لە ناو پارتیدا مەسیحی و توركمان و ئێزدی و عەرەبی نیشتمانپەروەر ڕۆڵیان پێ دراوە و پێگەی دیاریان هەبووە.
هەر بۆیە پارتی تاكە حزبی كوردستانە كە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ حزبی هەموو ناوچەكانی كوردستان و چین و توێژەكانە، تەنانەت سنووری كوردستانی عێراقی تێپەڕ كرد و لە هەر دوو شۆڕشی (ئەیلوول و گوڵان)دا كۆمەڵێك تێكۆشەری دیاری پارچەكانی تری كوردستان ڕۆڵی زۆر كاریگەریان بینیوە. بێگومان بە درێژایی مێژوو هەركات پارتی بەهێز بووبێت، كورد بەهێز بووە و پارتی و سەرۆك بارزانی لە ئەمڕۆدا بوونەتە ڕەمزی دۆزی ڕەوای نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، و ژمارەیەكی حیساب بۆ كراون لە هاوكێشە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا.
ئێستاش كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی عێراق نزیك دەبینەوە، ئەركی هەموو پارتییەكانە شەو و ڕۆژ بخەنە سەریەك بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسی و داواش لە تەواوی دەنگدەرانی كوردستان دەكەین بە جیاوازی بیروڕای سیاسییان، لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای گەل و لە پێناوی زامنكردنی ماف و شایستە دەستووری و نەتەوەییەكان و لە پێناوی كوردستانێكی بەهێز و پارێزراودا، دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدەن. چونكە گرنگە دەنگەكانمان بۆ كاندیدەكانی پارتێكی بەهێز و ڕۆئیا ڕوون بێت، واتا دەنگەكانمان بۆ كاندیدەكانی پارتی دێموكراتی كوردستان بێت و بە دڵنیاییەوە كوردستان بە بەهێزبوونی پارتی پێگەی لە عێراق بەهێزتر دەبێت. چونكە پارتی خاوەنی كۆمەڵێك پرەنسیپی نەگۆڕە و مساوەمە لە سەر مافەكانی گەلی كورستان ناكات. هەر بۆیە دەنگدان بە كاندیدەكانی پارتی ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەرزە.
بێگومان لە شەری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕابەرایەتی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی جیهانیان كرد. هەروەها لە داستانەكانی پردێ و مەحموودیە و سەحێلا بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەوە كە كورستان لە دەستێكی ئەمیندایە. لە كۆتاییدا و ئەوەی پەیوەست بێت بە سنووری لقەكەمانەوە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەوا بازنەی چواری سلێمانی دەگرێتەوە كە دەكاتە قەزاكانی (دووكان و ڕانیە و قەڵادزە). لەو بازنەیەدا چوار كاندید دەبێت دەربچن و ئێمە یەك كاندیدمان هەیە كە ئافرەتە بە ناوی (ناسكە عەبدوڵا) كە ژمارەكەی (٣٠)ـە و ئێمە وەك پارتی ئامادەكاریی باش و جددیمان كردووە و ئیستیجابەی جەماوەری سنوورەكەمان باش دەبینین و هیوادارین كاندیدەكەمان دەربچێت.
