لە ناوچە جێناكۆكەكان سوپای عێراق و پێشمەرگە سەنگەری هاوبەش دادەنێن
بەپێی قسەی فەرماندەی لیوای 2ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو ناوچانەیان بەسەر كردووهتەوە كە بڕیارە لەگەڵ سوپای عێراق سەنگەری هاوبەشێ لێ دابنێن لە ناوچە جێناكۆكەكان و دەشڵێت: هێزە هاوبەشەکە 50%ی لە سوپاسی عێراق و ئەوی دیکەشی لە پێشمەرگە پێکدێت.
عەمید شوان شەمێرانی، فەرماندەی لیوای 2، ڕۆژى 16/9/2021، بە رووداوی راگەیاند، "ئامانج لە بەسەرکردنەوە مەیدانییەکە، دیاریکردنی ئەو بۆشاییانەیە کە پێویستیان بە دانانی سەنگەری هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکانە."
فەرماندەی لیوای 2 ئاماژەی بەوەش کرد، "لە تەواوی ناوچەکانی ماددەی 140 لە خانەقینەوە تاوەکو شنگال، سەنگەری هاوبەش لێ دەدرێت، کە ئامانج لێی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانە."
بە وتەی عەمید شوان، "هێزە هاوبەشەکە لە هێزە عێراقییەکان و بە دیاریکراوی سوپای عێراق 50% و هێزەکانی پێشمەرگە لە 50% دەبێت."
پێشتر جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندبو، هێزەکانی پێشمەرگە ناگەڕێنەوە شاری کەرکوک و تەنیا لەو شوێنانە بڵاودەکرێنەوە کە خەڵک تێیاندا نیشتەجێ نین.
لێدوانەکەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوە بو کە سێ پەرلەمانتاری عەرەب و تورکمان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، هێزەکانی پێشمەرگە هەڕەشەی داعش دژی کەرکوک وەکو بیانویەک بەکاردەهێنن بۆ گەڕانەوەیان. جەبار یاوەر وتی، بانگەشەی ئەو پەرلەمانتارانە تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و بنەمای نییە.
