عهدنان كهركووكى: ئهو هەموو میلیشیایەى له ناو کەرکووکدان، ئاستەنگن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا
وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتيی کەرکووک- گەرمیان ی پارتی ڕایدەگەیەنێت، لەکاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە کەرکووک، هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی و بۆ ئەو مەبەستە ڕێنماییان بۆ هاتووە، چونکە دۆخی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە.
عەدنان كەركووكى، ڕۆژى پێنجشەممە (16/9/2021) لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: "پارتی لە کەرکووک تەنيا دوو کاندیدی هەیە، کاندیدێک لە بازنەی یەک و کاندیدێک لە بازنەی دوو، کار بۆ سەرخستنیان دەکەین."
وتەبێژەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتيی پارتی لە کەرکووک ڕوونی کردەوە، تا ئێستا بارەگایان بۆ کەرکووک نەبردووەتەوە و بە فەرمی بۆ ئەو شارە نەگەڕاونەتەوە، بەڵام نووسینگەیان بۆ بانگەشەکردن داناوە، وتيشی: "بۆ گەڕانەوەی بارەگاکانمان لە گفتوگۆداین لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەمانەوێت سەربەرزانە و شکۆمەندانە بگەڕێینەوە."
ئهوهشى خستهڕوو كه "عەرەب و تورکمان داوای هەفتەیەک دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکەن، بە بیانووی گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەمە خۆی بە خۆی ترسیان نیشان دەدات لەگەڕانەوەی پارتی."
عەدنان کەرکووکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیان -ی پارتی، ڕوونیکردەوە، پارتى لە کەرکووک تەنيا بانگەشە بۆ کاندیدەکانی و بەرنامەی پارتى بۆ خەڵک ڕوون دەکاتەوە لەکاتی بانگەشەدا، هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی و ڕێنماییان بۆ ئەم مەبەستە بۆ هاتووە، وتيشی: "وەزعی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە، ئەو هەموو میلیشیایەى له ناو کەرکووکدایە، ئاستەنگن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا."
