پارێزگاری هەولێر: ئەو درۆنانەی لە هێرشەكەی شەوی 12/9 بەكارهێنرابوون لەوانەی پێشوو گەورەتر بوون

پارێزگاری هەولێر: ئەو درۆنانەی لە هێرشەكەی شەوی 12/9 بەكارهێنرابوون لەوانەی پێشوو گەورەتر بوون

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند: بەو هێرشەی شەوی 12/9/2021 ڕوویدا ئەوە لەمساڵدا حەوتەمین هێرشە كە دەكرێتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بێگومان ئەو هێرشانە تەنیا كارێكی تیرۆریستی نییە، چونكە لە هەموو شارەكانی عێراق فڕۆكەخانە هەیە، بەڵكو ئامانجی هێرشەكان ڕوونە كە بۆچی دەكرێتە سەر هەولێر، بەڵام ئەو هێرشەش وەك ئەوانەی پێشوو پووچەڵكرایەوە. پارێزگاری هەولێر تەئكیدی لەوەشكردەوە كە ئاسایش و دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان لەوە بەهێزترن كە بتواندرێت زەفەریان پێ ببردرێت.
هەروەها ئومێد خۆشناو لەبارەی ئەو درۆنانەی لە هێرشەكەدا بەكارهێندراون وتی: راستە درۆنەكانی لەو هێرشە بەكارهێنراون لەوانەی پێشووتر گەورەتر بوون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكیان نەبوو و ئامانجیان نەپێكا و تەنانەت هێزەكان لە كاتی تەقاندنەوەی درۆنەكاندا، حیسابی ئەوەشیان كردووە كە لە دەرەوەی فڕۆكەخانە هیچ زیانێكی لێ نەكەوێتەوەو هۆكاری ئەو هێرشانەش بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگاری هەولێر داوا دەكات، رێككەوتنی ئەمنی لە نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ بكرێن، چونكە لە رووی كردارییەوە حكومەتی عێراق وەك پێویست ڕێككەوتنەكانی جێبەجێ نەكردووە.
هەروەها بەوتەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئامانجی ئەو هێرشە ئەوە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بووە كە بارەگاكەیان لە نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە.

Top