دانپێدانانی گرووپێکی داعش لەلایان ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوكرایەوە
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 5/9/2021 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی گرووپێکی تیرۆریستی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی راگەیاند کە ئەو گروپە تیرۆریستییەی داعش ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لەناو شاری ھەولێر.
بەپێی راگەیاندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە سەرەتای ئەمساڵەوە چالاک کراونەتەوە و لەلایەن كەسێكەوە بەناوی (ئەبو حارس) فەرمانیان پێكراوە كە هێرشی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن. شایانی باسە لە پیلانی گرووپەکەدا بووە كە بۆمبی چێندراو بۆ ناو شاری هەولێر بێنن و بیتەقێننەوە و کەسانی بیانی و ئەمنی بکەنەئامانج.
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاندووە كە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانیویانە پێش ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان ئەم گروپە تیرۆریستییە لەناو شاری هەولێر دەستگیر بکەن.
