لە فەرمانگەی تەندروستیی هەولێر لەسەر كەیسێكی دەرمان، چەند كەسێك دەستگیر دەكرێن

لە فەرمانگەی تەندروستیی هەولێر لەسەر كەیسێكی دەرمان، چەند كەسێك دەستگیر دەكرێن


سەرۆكی دەستەی دەستپاكی رایدەگەیەنێت، بەهۆی كەمتەرخی لە پاراستن و ئێكسپایەربوونی دەرمان لە فەرمانگەی تەندروستیی هەولێر لێكۆڵینەوە لەگەڵ چەند كەسێك ئەنجامدراوە و چەند كەسێكیش دەستگیر كراون.
د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان راگەیاند: لە فەرمانگەی تەندروستیی هەولێر كۆمەڵێك كەس لەسەر كەیسێكی تایبەت بە دەرمان دەستگیر كراون.
هەروەها سەرۆكی دەستەی دەستپاكی كوردستان لەبارەی وردەكاری كەیسەكە گوتی: ژمارەیەك فەرمانبەر و پزیشك كەمتەرخەم بوونە لە پاراستنی دەرمان و هۆكاری ئێكسپایەربوونی دەرمان كە لایەن حكوومەت كڕدراوە، چونكە بەهۆی كەمتەرخەمی ئەوان دەرمانەكە ماوەی بەسەرچووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە ژمارەیەك تۆمەتبار لەو فەرمانگەیە لەسەر فەرمانی دادوەر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدراوە و چەند كەسێكیش ئێستا دەستگیر كراون.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی روونیشی كردەوە كە لێكۆڵینەوە لە قۆناغی كۆتاییدایە و زۆری نەماوە بڕیار دەربچێت و دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری خۆی دەدات و رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت.
ئەوەشی گوت كە فەرمانگەی تەندروستیی هەولێر هاوكاری دەستەی دەستپاكی بوونە بۆ تەواوكردنی رێكارەكانیان.
هەروەها لەسەر هەمان كەیس دكتۆر دلۆڤان محەمەد بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتی: ئێمە لەسەر ئەو كەیسە هاوكاریی تەواوی دەستەی دەستپاكیمان كردووە، ئەوان پێویستیان بە هەرچیەك بووبێت هاوكاریمان كردوون و ئێمە ناچینە وردەكاریی بابەتەكانی دەستەی دەستپاكی، بەڵام هەرچیەكیان پێویست بێت یان پێویستیان بە كەسێك بێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت یان گەواهی بدات یان داواكراو بێت، بۆمان جێبەجێ كردوون.

Top