لە شوێنە گەشتیارییەكان دەستی كاری كوردستانی زیاد دەكرێت

لە شوێنە گەشتیارییەكان دەستی كاری كوردستانی زیاد دەكرێت


بەپێی راگەیاندراوێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمەڵەکان و یەکێتیی فڕۆکەوانی و گەشتیارییەکان كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی هەلی كار زیاتر بڕەخسێنن بۆ دەرچووانی گەشتیاری.
هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە دەستەی گەشتوگوزار داوای كردووە خولی (گەشتیاری و ڕاهێنان) بكەنەوە بۆ رەخساندنی هەلی كار.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار جەختی لەسەر دامەزراندنی دەستی کاری کوردستانی و گرنگیدانی زیاتر بە هەڵگرانی بڕوانامە گەشتیارییەکان کردووە بۆ کارکردن لە شوێنە گەشتیارییەکان بە ڕێژەی 30%.
له‌لایه‌كی دیكەوە‌ باس لە کەمکردنەوەی وەرگرتنی پارە کرا لە خاوەن کارەکان لەلایەن کۆمەڵە و سەندیکاکانی سەر بە گەشتوگوزار لەگەڵ کەمکردنەوەی وەرگرتنی پارەی دەركردنی مۆڵەتی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان و هاوتاکردنیان لە سەرجەم هەرێمی کوردستاندا.
ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە تەواوی ئەو گرووپە گەشتیارییانەی دێن بۆ هەرێمی کوردستان ڕێبەری گەشتیاریان لەگەڵ بێت و چاودێریی دابەزاندنی نرخەکانیش بكرێت و لەو شوێنانەی ئاهەنگی شەوانە و گۆرانی گوتنی تێدا پێشکەش دەکرێت ئەوە پێویستە بەشێك لە ئاهەنگەكە گۆرانی کوردی بێت.

Top