جۆرج كلۆنی هاوڕێكانی لەیاد ناكات
جۆرج كلۆنی یەكێكە لە ئەكتەرە سەركەوتوو و ناسراوەكانی هۆڵێۆد، بەڵام ئەم سەركەوتنەی كلۆنی تەنیا لەسەر شاشەكان نییە، بەڵكو لە ڕووی كۆمەڵایەتییشەوە سەركەوتووە و، بۆ هاوڕێكانی بە كەسێكی وەفادار ناسراوە.
ساڵی پار كلۆنی بڕی یەك ملیۆن دۆلاری بە 14 كەس لە هاوڕێ نزیكەكانی خۆی بەخشی، وەك هاوكاری، لەم بارەوە بە گۆڤاری (جی كیۆ)ی ڕاگەیاند، كە هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەم كاتێ یارمەتی هاوڕێ كۆن و نزیكەكانم دەدەم، بەتایبەتی ئەوانەی بارودۆخیان لەبار نییە و پێویستیان پێی هەیە، چونكە ئەو هاوڕێیانە هەریەكەیان بە شێوازێك لە ماوەی 35 ساڵی ڕابردوودا یارمەتییان داوم، هەر بۆیە كلۆنی زیاتر دەڵێت: «پێموایە بەبی ئەم هاوڕێیانە من نەدەگەیشتە ئەم ڕۆژەی ئێستا، ئەوان هاوڕێی زۆر نزیكی منن، بۆیە بیرم لەوە كردەوە كە ئەگەر ڕۆژێك تووشی ڕوداوێكی هاتوچۆ ببم و گیان لە دەست بدەم، ئەو كاتە سەروەت و سامان سوودی نابێت و ناتوانم هیچیان بۆ بكەم، كە دڵی خۆم و ئەوانیش خۆش بكەم، بۆیە گوتم پێویست ناكات تا ئەو ڕۆژ بوەستم كە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبم».
ئەو ئەستێرەیەی هۆڵیۆد هەروەها دەڵێت: «تا ئەو ڕۆژەی ژیانی هاوسەرگیریم پێكنەهێنابوو و منداڵم نەبوو، تەنیا بیرم لەو هاوڕێیانە دەكردەوە و هەموو كاتەكانمان بە یەكەوە بەسەر دەبرد، ئێستاش كە ژیانم كامڵ بووە، باشترین كار كە بیكەم بریتییە لە یارمەتیدانی ئەو هاوڕێیانەم».
جۆرج كلۆنی لە ساڵی 2014 ژیانی هاوسەریی لەگەڵ ئەمەل عەلەمەدینی لوبنانی پێكهێناوە و لە ساڵی 2017 دوانەیەكیان بوو.
https://www.aljarida.com/
