(محەمەد ڕەمەزان)بڕوانامەی دكتۆرای فەخری بە دەست دەهێنێت و سەندیكا ڕەتی دەكاتەوە
دوابەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری, لە ئێستادا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووەتە جێی باسی (محەمەد ڕەمەزان) .
ئەكتەرو گۆرانیبێژی میسری (محەمەد ڕەمەزان) چەند وێنەیەكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردەوە كە بریتی بوو لە دیاری ڕێزلێنان, بەپێی نووسراوەكان ئەم هونەرمەندە وەكو (باڵیۆزی لاوانی عەرەبی) دەستنیشان كرا, جگە لەمەش هەر لەو نووسراوەدا هاتووە كە محەمەد ڕەمەزان بڕوانامەی دكتۆرانی فەخری پێبەخشرا .
بەدەستهێنانی ئەم نازناوانە دوای سەردانی كردنی محەمەد ڕەمەزان دێت بۆ وڵاتی لوبنان, كە لەوێدا بەسەرپەرشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری لوبنان فێستیڤاڵی(afdal)ی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو, هەر لەگەڵ ئەم ئامادەبوونەی محەمەد ڕەمەزان لەلایەن (سەنتەری ڕۆشنبیری ئەڵمانی نێودەوڵەتی لە لوبنان) بڕوانامەی دكتۆرای پێدەبەخشرێت, هەروەها بڕوانامەیەكی دیكە لەلایەن (سەندیكای شانۆ و وێستگەو سینەما- سەندیكای شارەزایانی موزیك و گۆرانی) كە تێیدا وەكو (باڵیۆزی لاوانی عەرەبی) دەستنیشانكرا .
بەڵام زۆری نەخایاند ئەم بابەتە بە جۆرێكی دیكە قەسەو باسی كەوتە سەر, بەپێی ڕاپۆرتێكی (bbc) بڵاوكراوەتەوە كە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە وڵاتی میسر و سەندیكای هونەرمەندان لە لوبنان ئەم هەواڵەیان ڕەتكردەوە .
هەر لەم سەرچاوەیە هاتووە كە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە وڵاتی میسر ڕەتی كردەوە كە پەیوەندییان بەو سەنتەرە ئەڵمانییەوە هەبێت وا بڕوانامەی دكتۆرا بەخشی بە (محەمەد ڕەمەزان), هەروەها لە تویتێكدا گوتیان: مەرج نییە هەموو دامەزراوەیەك ناوی ئەڵمانیا بەكار بهێنێت و سەر بە حكومەتی ئەڵمانیا بێت, هیچ پەیوەندییەك لە نێوان حكومەتی ئەڵمانیا و ئەو سەنتەرە نییە كە پێی دەگوترێ (سەنتەری ڕۆشنبیری ئەڵمانی لە لوبنان) .
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی bbc هاتووە كە سەندیكای هونەرمەندانی لوبنان بێدەنگییان شكاند و لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا بە سەرۆكایەتی نەقیب (نعمە بەدەوی) ڕوونكردنەوەیەكیان بۆ ڕای گشتی بڵاوكردەوە كە تێیدا باسیان لەوە كرد دوور تا نزیك ئەوان وەكو سەندیكا بەشدارییان لە بەخشینی بڕوانامەكەی(محەمەد ڕەمەزان) نەكردووە, هەروەها ئاماژەیان پێدا كە سەندیكا لە دەسەڵاتی نییە نازناوی باڵیۆز و هەر نازناوێكی دیكە ببەخشێت .
دوای ڕەتكردنەوەی دەنگۆی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری و نازناوەكان, محەمەد ڕەمەزان)لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا لەگەڵ كوڕەكەی لە نێو فڕۆكەدایە, هەروەها محەمەد ڕەمەزان لەسەر وێنەكە نووسیویەتی: (سەیری پشتەوەی خۆم ناكەم تەنها بۆ تۆماركردنی وێنە نەبێت), لە ئێستادا بەشێك لە بەكاهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەجۆرێك لێكدانەوە بۆ ئەم پۆستەی دەكەن كە ئەمە وەڵامێكە بۆ لێدوانی سەندیكای هونەرمەندانی لوبنان و دەنگۆی ڕەتكردنەوەی نازناوەكەی .
ئاسۆ كاكەیی
