لەبارەی داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی خۆراک و چارەسەرکردنی گرانبوونی نرخی نان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات

لەبارەی داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی خۆراک و چارەسەرکردنی گرانبوونی نرخی نان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات

رۆژی دووشەممە 23/8/2021 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی كردەوە، لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کێشە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە، کە تەواوکەری کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بووە بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی خۆراک و چارەسەرکردنی گرانبوونی نرخی نان كە کۆبوونەوەکە رۆژی یەكشەممە22/8/2021 بە سەرۆکایەتی د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی وەزیرانی کارەبا، بازرگانی و پیشەسازی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوەچووە.
لە بڵاوكراوەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە كە بەشێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەنم و ئارد لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕاسپێردرا کە ژمارەی فڕنەکان لە ھەرێمی کوردستان دەستنیشان و پۆلێنیان بکات لەسەر توانا و ژمارەی کرێکار و بە چ سووتەمەنی و وزەیەکیش کار دەکەن. لە هەمانکاتدا ئەو رێژەی ئاردە دیاری بکات کە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان هاوردەی دەکات و کێشە و گیروگرفتەکانی ھاوردەکردنی ئاردیش دەستنیشان بکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی بەرھەمی ڕاستەقینەی گەنم لە ھەرێمی کوردستان دیاری بکات و پێشبینیشی بۆ ساڵی داھاتوو بداتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران. لە هەمانکاتیشدا پلانی خۆی بۆ چاندنی گەنم و بنەتۆو لە ھەرێمی کوردستان و پێوەرەکانی وەبەرھێنان و سیاسەتی بازرگانی ھەرێم و بەغدا بۆ پرسی گەنم دەستنیشان بکات.
شایانی باسە بڕیارە رۆژی سێشەممە، 24/8/2021 کۆبوونەوەیەکی دیکە لەسەر ئەو پرسانە ئەنجام بدرێت تاوەكو بڕیاری پێویست لەو بارەوە بدرێت.
ئامادەكردنی:ساڵح عومەر

Top