تانیا رەسول: هەر لە منداڵییەوە حەزم لە ئیشكردن بوو، هەمیشە هەوڵی ئەوەم داوە خاوەن ئابووری و داهاتی خۆم بم
ساڵانێكە مشتومڕی زۆر لەسەر بەشداری ئافرەت لە پەیداكردنی بژێوی خێزان و بوون بە خاوەن داهاتی سەربەخۆ لێرەو لەوێ بوونی هەیە، تەنانەت شارەزایانی بواری ئابووری پێیانوایە كە سەركەوتنی وڵاتان پەیوەستە بە سەركەوتوویی بیرۆكەی ئافرەتان لە بواری ئابووریدا، بۆ نموونە لە بەنگلادیش، ئافرەتان 65%ی هێزی كارن لە كەرتی پیشەسازی جلوبەرگ، كە هەناردەیان لەم پیشەسازییە 74% كۆی گشتی قازانجی ساڵانەیە. ئەوەش ئەوە دەردەخات كەوا هزری بەڕێوەبردنی ئابووری لە ئافرەتدا بەهێزە و دەبێ سوودیان لێوەر بگیرێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
چونكە ئافرەت بنچینەی هەموو گۆڕانكارییەكە لە كۆمەڵگەدا. لێرەدا بەو راستییە دەگەین كە بیرۆكەی ئافرەت لە بواری ئابووریدا لە هی پیاو زۆر وردترە، هەردوولاش یەكسانن لە كاركردن و راپەڕاندنی ئەركەكانیان جیاوازیان نییە، بگرە ئەركی سەرشانی ئافرەت قوڕسترە و ئەو لە یەك كاتدا دوو ئەركی لە ئەستۆدایە، ئافرەت لە ماڵەوە دایكە، هاوسەرە و پەروەردەكاری خێزانێكە، لە هەمان كاتیشدا لە دەرەوەی ماڵ شانبەشانی پیاو كاردەكات، ئەو ئەركە زۆرەی سەرشانی (حوسن تەسەروف) بە ئافرەت دەبەخشێت و وادەكات وردتر بێت لە شێوازی ئیشكردنەكەی، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئافرەت بیرۆكەی بەڕێوەبردن و ئیدارەكردنی بەهێزە.
بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان رێژەیەكی زۆری خانمان تێكەڵ بە دنیای كار بوون و لە بە دەستخستنی ئابووری خێزان و كۆمەڵگە و وڵات بەشدارن، تانیا رەسول خانمە كابانێكی دەستڕەنگینە، ئەو دانیشتووی شاری سلێمانییە و توانیویەتی بە رەنجی شانی خۆی بژێوی خۆی و خێزانەكەی دەستەبەر بكات و خوازیارە هەموو خانمێك ببێتە خاوەن كار و داهاتی خۆی بۆ ئەوەی لە ستەمی كۆمەڵگە پارێزراو بێت.
تانیا رەسول بەمجۆرە باس لە قۆناغەكانی كاركردنی بۆ گوڵان دەكات: «ماوەی چوار ساڵە نان دەكەم نزیكی هەشت مانگە شیرینی و خواردن دروست دەكەم، سەرەتای هاتنم بۆ ناو مەیدانی كار بەر لە هەموو شتێك حەز و خولیای خۆم بوو، هەر لە منداڵییەوە حەزم بە ئیشكردن بوو، هەمیشە هەوڵمداوە بۆ ئەوەی خاوەن ئابووری و داهاتی خۆم بم سەرەتا تەمەنێك خەریكی ئیشی ساڵۆن بووم، بەڵام هەستم نەكرد نەتیجەی باشی هەبیت و لە كارەكەدا ئاسوورد نەبووم، بۆیە دەستم بەم ئیشەم كرد، سوپاس بۆ خوا لەمەیاندا رزقم باشترە و لە ئیشەكەمدا زۆر هەست بە ئاسوودەیی دەكەم، بە تەنیا كارەكانم دەكەم و كەس هاوكاریم ناكات، هەرچەندە هەموو خێزانەكەم هاندەرمن و زۆریشیان پێ خوشە كە كار دەكەم و توانیومە لەسەر پێی خۆم بوەستم، لە ئێستادا توانای ئەوەم نییە دوكان دابنێم، لە ماڵەوە ژوورێكم بۆ پیشەكەم داناوە، سەرەتای كارەكەم لەرێی خزم و كەسوكارەوە نان و شیرنییەكانم دەفرۆشت دواتریش پەیجێكم دانا».
سەبارەت بە ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری خێزانەكەیان تانیا خان گوتی: «تابڵێی ژیانمان بەقوڕسی بەڕێ كردووەو دەست كورت بووین و نەبوونیمان زور دیوە، تائەمڕۆشی لەگەڵدا بێت بەم كارەم بەس دەتوانم مەعیشەتی رۆژانەمان پەیدا بكەم، بەهۆی سەختی ژیان و هەژارییەوە خوێندنم تەواو نەكرد، من كچی گەورەی ماڵ بووم باوكم بەقاڵ بوو لەگەڵ ئەو هەر خەریكی ئیشكردن بووم، دایكیشم تەنیا فریای ئیشی ناوماڵ دەكەوت، چونكە خێزانێكی گەورە بووین، 9 خوشك و برا بووین».
تانیا خان دەربارەی ژیانی كۆمەڵایەتی خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو لە ئێستادا خێزاندارە و دایكی پێنج منداڵە، وەك خۆی باسی دەكات لە ئێستادا هاوسەرەكەی بێكارە و ئەو ئەركی پەیدا كردنی بژێوی رۆژانەی خێزانەكەی لە ئەستۆ گرتووە، مایەی دەستخۆشییە خانمێك بتوانێت ماڵ بەڕێوە ببات.
تانیا رەسول لە درێژەی قسەكانیدا هانی خانمان دەدات بۆ ئەوەی بێنە مەیدانی كار و بوونی خۆیان بسەلمێنن و لەمبارەیەوە دەڵێت: «وەكو خانمێك و وەكو دایكێك كە كار دەكەم، زۆر هەست بە دڵخوشی دەكەم كە توانیومە لەسەرپێی خۆم بوەستم و ماڵەكەم بەڕێوەبەرم من لە سەرەتای ژیانمەوە لەسەر پێیەكانی خۆم وەستاوم و نەم هێشتووە ئیحتیاجی هیچ كەسێك بین، بەداخەوە هەندێك ئافرەت هەن موحتاجیشن بەڵام ئازایەتی ئەوەیان نییە كار بكەن، لەبەر كۆمەڵگە بێت یان لەبەر هەر هۆكارێكی تر، لێرەوە هیوادارم هەموو خانمێك هەوڵ بدات بۆ بژێوی پەیدا كردن دەستەوەسان نەبن بەتایبەتی لەم زروفەی ئێستادا، لەم رۆژەدا پێویستە بە هەموومان هەوڵ بدەین، ئافرەت بە كاركردنی لە ستەمی كۆمەڵگە تا ئاستێك پارێزراو دەبیت.
منیش بەشبەحاڵی خۆم هیوادارم بتوانم زیاتر پەرە بە كارەكەم بدەم و بتوانم ئیشەكەم گەورەتر بكەم و سوودم بۆ چەند خانمێك لە دەورو بەرم هەبێت، هیوام وایە هەموو خانمێك دەست رەنگین بێت و لە كارێكدا شارەزا بێت، تاوەكو بتوانین خۆمان بژیێنین پێویستمان بەهیچ كەس نەبێت».
