شیرین ئامێدی بۆ دەنگی ئەمەریکا: هەرچی لە کوردستان ڕوودەدات، تابووری پێنج دەیخاتە ئەستۆی پارتی
شیرین ئامێدی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئاماژە بەچەندین پرسی تایبەت بەهەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە هەرچی لە کوردستان ڕوودەدات، تابووری پێنج دەیخاتە ئەستۆی پارتی.
ئامێدی دەشڵێت دروشمی پارتی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسییە، پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بە کردەوە باوەڕی بەو دروشمانە هەیە. یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی هەڵبژاردنە، پارتی باوەڕی بەوەیە خەڵک بە ئازادانە دەنگ بدات، حزب بۆ خزمەتی خەڵک دروستبووە و دەبێت خەڵکیش ئازادانە بڕواتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، پارتی باوەڕی بەخۆی و جەماوەری خۆی هەیە، دروشمی پارتی، دروشمێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە، گەلیش دەزانێت چی حزبێک دەتوانێت ئامانجەکانی بهێنێتە دی.
ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق زیاتر ڕوونی دەكاتەوە كە ئەگەر تەماشای لیستی ئەمجارەی پارتی بکەیت، لیستی پێکەوە ژیانە، حزبێکی وەکو پارتی بیری لەوە نەکردووەتەوە، نەتەوەیەک یان ئاینێک جیا بکاتەوە، تا نەبێتە ئەندام و لایەنگری پارتی، بەڵکو پارتی دەرگای بۆ هەموو لایەک کراوەیە.
