تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا بەردەوامەو چاوەڕوان دەكرێت عێراق بەرەو تاریكستان بەرێت
لەماوەی كەمتر لەیەك هەفتەدا 27 تاوەری كارەبا لەعێراق تەقێندراوەتەوە بەتایبەتی لەپارێزگاكانی كەركوك و دیالە و نەینەواو سەلاحەدین ، ئەمەش لەرێگەی بۆمبی چێندراوەوە زیانی گەورە بەر تاوەرەكانی كارەبا و گواستنەوەی وزەی كارەبا گەیاندووە بەڕادەیەك وێڕای كەمی كارەبا ئەوەندەی دیكە گرفتی بچڕان و نەمانی كارەبا لەتەواویی پارێزگاكانی عێراقدا بەم پلە گەرمایە رووی لەزیادبوون كردووە . كۆمپانیای گشتی بۆ گواستنەوەی وزەی كارەبای باكور مەترسی بەردەوامبوونی ئەم كارە تێكدەرانەی نەشاردەوەو پێی وابوو ئەگەر كارە تێكدەرەكانی تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا روو لەزیادبوون بكات ئەوا هێڵی كارەبای نیشتمانی دووچاری ئیفلیچبوون دەبێت.
تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا دوای كارە تێكدەرەكانی ساڵی رابردوو دێت لەسوتانی دەغڵ و گەنمی جوتیاران، بەمەش زیانێكی گەورە بەر ئابووری و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان دەگەیەنێت ، لەكاتێكدا خۆی لەخۆیدا گرفتی كارەبا لەریزبەندی پێشەوەی گرفتەكان دێت و لەكاتی كەوتنی تاوەرەكانی كارەبادا چەندین رۆژ شاروشارۆجگەكان دووچاری بێكارەبایی دەبنەوەو كارگەو شوێنە گشتیەكان پەكیان دەكەوێت و بەشەوانیش هێرشە چەكدارەكانی داعش روو لەزیادبوون دەكات.
راگەیاندنی کۆمپانیای گشتی بۆ گواستنەوەی وزەی کارەبای باکوور لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەرنامەی بەئامانجکردنی هێڵەکانی گواستنەوە و تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا بەشێوەیەکی گەورە بەرفراوان بووە و، چەتە تێکدەرەکان بە ئەنقەست هێڵەکانی ناوچەی باکوور دەکەنە ئامانج بە ئامانجی پەراوێزخستنی لەگەڵ هێڵی نیشتمانی.
