دەزانیت ئامانج چــیە؟ ((شڤان حاجی كەمال))
كارگێڕی لقی گەرمیان (ی.ق.ك)
هەموومان كار دەكەین، ماندوو دەبین، تێدەكۆشین بەردەوام دەبین، بەڵام نازانین بۆ چییە، دەزانن بۆ؟
چونكە زۆربەمان ئامانجەكەمان دیار نییە، نازانین بۆ دەجوڵێن و بۆچی هەنگاو دەنێین.
دەزانن ئامانج چییە؟ وەرن لەگەڵ من ئەم بابەتە بخوێننەوەو هاوبشی بكەن
ئامانج ئەو شتەیە لەبەر دەستدا نییە مرۆڤ ھەوڵدەدات بۆ گـەیشتن بە ئامــانجەكەی، ئامانج مەبەستێكی دیاری كراوە ھەوڵدان بە مەبەستی بە دەست ھێنانی، بوونی ئـامانج واتا دڵخۆشی، بەختـەوەری، ئەگەر بێ ئامانج بوویت مانای ئەوەیە كە تۆ بێ ھۆكار دەژیت خۆشت نازانی كە بۆ چی ھەوڵ دەدەیت، كەواتە ئەگەر ئـامانجت نەبوو نازانیت لە بەرچی دڵـخۆشییت، دڵتەنگیت، نیگەرانیت، بێزاریت، تەنانەت نازانیت لەبەر چی ھۆكارێك پەرتووكێك دەخوێنیتەوە، چونكە ھیچ لە ئـارادا بوونی نییە، چیرۆكێكی كورت ھـەیە دەربارەی پەپـولەكان "كاتێك پەپوولەیەكی خنجیـلانە ئێسك سـوك كۆچ دەكات بەرەو وڵاتێكی تر، ھەرگیز بەبێ ئامانج لەو وڵاتەی كە لێیەتی كۆچ ناكات بۆ وڵاتێكی تر، بێگومان ئەو دەیەوێت لە وڵاتێكی تر بە بەختەوەری بژیــت یان پێداویستییەكانی پڕ بكاتەوە"، كەواتە ھیچ یەكێك لە ئێمە نابێت بەبێ ئامانج بژی، دڵخۆشی ئەوەیە كە شەو نووستی بەیانی چاوەكانت ھەڵھێنا دیسان ھەوڵبدەیت بۆ ئامانجەكەت، لەم وڵاتەدا زۆرێك ھەیە كە بەبێ ئامانجن دەبێت ھەریەكە لە ئێمە بزانێت كە بۆچی دەژێت، بۆچی بەبێ دەستەوەستان بەدیار ئامێرە ئەلكترۆنیەكان دادەنیشیت ھیچ ئامانجێكت بۆ خۆت دیاری نەكردووە.
كەسانی بەختەوەر و سەركەوتوو ئامانجێكیان ھەیە ھیچ كەسێك بەبێ بوونی ئامانج سەركەوتوو نابێت.
لە ئێستاوە ئامانجێك دەست نیشان بكە، ھەمووكات ئەمەت لەیاد بێت كە تەنھا خۆت بۆ خۆتیت، دەكرێت ئەو كەسانەی خۆیان ناخەنە مەترسیەوە لە ڕەنج و ئازار ڕزگاریان بێت بەڵام ناتوانن فێربن، بگۆڕێن، گەشە بكەن، ژین بكەن، تەنھا ئەو كەسانەی خۆیان لە ئازار دەدەن ئازادن.
تاوەكو مەترسی ژیان قبوڵنەكەیت ناتوانیت چارەنوسی ژیانت بگریتە دەست.
فێربە باوەڕ بەگومانەكانت نەكەیت وە گومان لە باوەڕت نەكەیت.
كەسە ئامانجدارەكان ھەمیشە بەھێزن، چونكە ھەموو بەیانیەك ئاواتیان گەیشتنە بە ئامانجەكانیان كاتێك كە چاوەكانیان ھەڵدێنن بەدوای ئامانجەكەیان ڕادەكەن، وەكو باڵندەیەكی خنجیلانە باڵەكانت بكەرەوە و وردە وردە بفڕە بەرەو ئەو ئامانجە و خواستەی كە تۆ دەتەوێت پشتگوێی مەخە، تۆ لە ئەمڕۆوە ھەوڵی فڕین بدە كێ ناڵێت تۆ لە دوای ھەوڵدانەكانتەوە ئامانجەكەت ناپێكیت.
یاری بكە لە ناو گۆڕەپانی ژیانت ببە بە یاریزان و بەدوای تۆپەكەدا رابكە تاكو بتوانیت گوڵ تۆمار بكەیت،ھەموو یاریزانەكان یەك ئامانج و ھەدەفیان ھەیە ئەویش تۆمار كردنی زۆرترین گۆڵە لەكاتی یاریكردنەكەدا، ھەرگیز واز مەھێنە لە ئامانجەكەت چونكە ھۆكارێكە بۆ گەیشتن بە ڕوناكی."كۆنفۆشیۆس" دەڵێت: ئەو كەشتیەی ئاراستەی خۆی دیاری نەكردبێت ھیچ ڕەشەبایەك ناتوانێت یارمەتی بدات.ئامانجەكانت ھەمیشـە لەسەروو كەسێك و ھەمووشتێكەوە بێت.
