محمود محەمەد پێشوازی لە كونسوڵی ژاپون كرد
ئەمڕو ١ـی ٨ـی ٢٠٢١ھەڤاڵ (مەحمود محەمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیشوازی لە كونسوڵی ژاپون لە هەولێر بەرێز (ئەراكاوا میكیهیرۆ) کرد.
وێرای دەربرینی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی بەرێزیان، ھەڤاڵ (مەحمود محەمەد) بە تێروتەسەلی باسی راگەیاندنی پارتی و رۆڵی کەناڵەکانی میدیای پارتی لە گەیاندنی پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت هەر روداو و پێشهاتێك و شێوەی كاری ئۆرگانەکانی راگەیاندنی پارتی بە بەراورد لەگەڵ میدیای حیزبە سیاسیەكانی دیکە و راگەیاندنەكانی سەربەخۆ، کرد.
سەبارەت بە رێكکەوتنی ستراتیژی نێوان حكومەتی عێراق و ئەمریكا و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەڤاڵ (مەحمود محەمەد) ئاماژەی بە رای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد کە لە رێگای بەیاننامەی مەکتەبی سیاسییەوە پارتی خوشحاڵی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەو رێكکەوتنە چونکە پارتی پێیوایە هێشتا هەڕەشەی گەورە لەسەر عیراق هەن و ئەمریكا دەتوانێت روڵێكی گەورەی هەبێت لە هاوكاریكردنی عیراق بۆ ڕوبەروبوونەوەی ئەم هەڕەشانە. دواتر بەرێزیان باسی بارودوخی ئێستای عیراق و هەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی عیراقی كرد و، ئاماژەی بەوەدا کە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانەدایە و ئامادەكاری پێویستی بۆی كردووە. هەروەها باسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كرد كە بڕیارە لە ساڵی داهاتودا ئەنجام بدرێت.
لە درێژەی گفتوگۆی نێوان هەردوولا، تیشکخرایە سەر عەقلیەت و خواستی چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق بە گشتی و كێشەی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە لایەن حكومەتەكانی عێراقەوە، كە بەدرێژایی مێژوی دامەزراندنی عێراق و لەدوای نەمانی رژێمی بەعسیش نەتوانراوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
هەر لەم دیدارەدا ھەڤاڵ (مەحمود محەمەد) باسی بەشداری سەركردایەتی سیاسی كوردستان و خودی سەرۆك مسعود بارزانی لە دارشتنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە 2003 و، هەوڵ و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان کرد سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوری عیراق و هێنانە ئارای هەل و مەرجێكی سیاسی بو سەرتاپای عیراق كە وەڵامدەرەوەی خواستی عیراقیەكان بێت و تیایدا مافەكانی گەلی كوردستانیش پارێزراوبێت.
لە كۆتاییدا بەرێز ئەراكاوا میكیهیرۆ سوپاسی ھەڤاڵ(مەحمود محەمەد)ی كرد بۆ ئەو شروڤە و ڕونكردنەوانەی كە تێگەیشتنێكی فراوانتر و قوڵتری لای ئەوان دروست كرد.
