نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەرێمی کوردستان نموونەیەکی دیاری بەرجەستەکردنی سەروەری یاسا و بەها دیموکراتییەکانە

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەرێمی کوردستان نموونەیەکی دیاری بەرجەستەکردنی سەروەری یاسا و بەها دیموکراتییەکانە

 


لە ڕێککەوتی ٢٨/٦/٢٠٢١ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) چەند نیگەرانییەکی سەبارەت بە دادگاییکردنی بەڕێز قارەمان شوکری دەربڕی.


ناوبراو بە پڕۆسەیەکی ئاشکرا و ڕوون و بە ئامادەبوونی پارێزەرێک کە لە لایەن دادگاوە دابینکرابوو، دادگاییکرا. بەڕێز قارەمان شوکری بە ٧ ساڵ زیندانی سزادراوە بە پێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی (٢٠٠٣). ئەو تۆمەتانەی پشتڕاستکراونەتەوە بە هیچ جۆرێک پەیوەندییان بە کاری ڕۆژنامەوانی بەڕێز شوکرییەوە نیە.


بەڕێز قارەمان شوکری بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراوە و بە گوێرەی یاسا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. ناوبراو بە هۆی ئەندامبوون لە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوێکی چەکداری نایاسایی و تێوەگلان لە کاری هەواڵگری بۆ ئەو ڕێکخراوە دەستگیرکراوە و حوکمدراوە.


هەنووکە بەڕێز شوکری لە زیندانی زرکا لە دهۆک ماوەی زیندانییەکەی بەسەردەبا. بێگومان، وەک زیندانییەک تەواو مافی پارێزراوە و چاوپێکەوتن و پەیوەندی خێزانی هەیە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە، و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە لە ناوچەکە.


دووپاتیدەکەینەوە کە دادگاکان تەواو سەربەخۆن و سەر بە دەسەڵاتی دادوەرین، کە دەسەڵاتەکانی لە دەستوور جێگیرکراوە و وەک هەر یەکە لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان، سەربەخۆیی خۆی هەیە. هاوکات، حوکمەتی هەرێم دەست لە کاروباری دادگاکان وەرنادات.


حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی ڕاگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەریمی کوردستان پابەندە بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و ئەو ڕێککەوتننامانەی کە عێراق پەسەندی کردووە.


هەروەها، حوکمەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە، و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکا لە هەرێم. یۆنامییش بەم دواییانە مۆڵەت سەردانی پێدراوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێککەوتنە، یۆنامی ١٤ سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٠ زیندانی ئەنجامداوە.


لە هەمان کاتدا، لایەنە نێودەوڵەتییەکان بانگێشتکراون بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێم. هەروەها، دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە گفتوگۆ دان. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا.

Top