"لەماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە چوار هەزار خێزانی كورد خانەقینیان جێهێشتووە"
سالار مەحموود، راوێژكاری پێشوی سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرای كرد، لەماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە چوار هەزار خێزانی كوردستان قەزای خانەقینیان جێهێشتووە.
سالار مەحموود لە بەدواداچوونێكدا ئەوەی خستووهتەڕو"بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی نیشتمانی و سەرقاڵيی حزبەکان بە ململانێی لاوەکییەوە، پرسی ناوچە دابڕاوەکان بە خاک و خەڵکەوە بە تەواوی فەرامۆش کراوە."
وتووشیەتی: "بێ هیوایی هاونیشتمانیان، لە پارێزگاریکردن لێیان ناوچەکانیان بۆ عەرەب بەجێ دێڵن."
سالار مەحموود ئاشكرای كردووە، تەنیا لە سنووری قەزای خانەقین بە ناحیەکانی جەلەولاو سەعدیەو جەبارەو قەرەتەپەو گوندەکانەوە، چوار هەزارو 230 خێزانی کورد بەرەو هەرێم باریان کردووە. ئەمەش مەترسیدارترین ئاماژەن و لێرەوە پێویستە هەڵوەستەی جددی لەسەر بکرێت."
هەروەها ئەوەشی وتووە: "تەنیا لە سنووری مەرکەزی قەزای خانەقین 36 گوندی کورد چۆڵ کراون."
ناوی بەشێك لەو گوندانە بەقسەی سالار مەحموود پێكدێن لە: (کانی ماسی، دەکەی سەرچەم، ئاوایی عەلی بەگ، تەپە چەرمی، کەلای حسێن، ئاوایی مەردان، زەلاو، حسێن مەمە، ئەحمەد هیلال، نەی کەنە و پویکەی گوندی دەلۆکان، ئاوایی مەلا تەیب، گوندی قەڕامین سی ماڵ بووە ئێستا سێ ماڵی تیا ماوە، هەردوو گوندی باوەپڵاوی ماڵی کەمی تیا ماوە).
هەروەها ئەوەشی وتوە، "بەشێک لە گوندە چۆڵکراوەکانی نێوان خانەقین و جەلەولاو گوندەکانی دەوروبەری قزڕەبات، جەیش یا حەشدی شەعبی لێ نیشتەجێ کراون."
سالار مەحمود پێشنیاری كردوە كە کۆنگرەیەکی نیشتمانی سەبارەت بە پرسی ناوچە دابڕاوەکان، ئەنجام بدرێت.
