وهزیرى پێشمهرگه: هێزی هاوبەشی سوپاو پێشمەرگە لەناوچەک کێشەلەسەرەکان بڵاودەکەینەوە
وهزیرى پێشمهرگه ئاشكرای دهكات، بەم نزیکانە هێزی هاوبەشی سوپاو پێشمەرگە لەناوچەک کێشەلەسەرەکان بڵاودەکەنەوە، دهشڵێت:"هەماهەنگییەکی گەورەمان لەگەڵ سوپای عێراقو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هەیە"، هاوكات لهبارهى بوونى پهكهكهش لهخاكى ههرێم پهیامێكى بڵاوكردهوه.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "سەباح"ی عێراقیدا ڕایگەیاندوە، هاوکاریی و هەماهەنگییەکی گەورەیان لەگەڵ سوپای عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هەیەو بە زووترین کاتیش هێزی هاوبەشی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان بڵاودەکەنەوە.
وەزیری پێشمەرگە ئاشكرای كردووه، "لەئێستادا چوار ناوەندی هەماهەنگيی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لە(خانەقین، کەرکووک، مەخموور و ناوچەی کەسکی مووسڵ) هەیە، ئەوەش هەنگاوێکی باشە بە ئاراستەی هەماهەنگییەکی فراوانتر، وتووشيهتى: هەردوولا پلانمان هەیە کەلێنە ئەمنییەکان لەڕێگای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ بەداعش پڕبکەینەوە".
سەبارەت بەکەرکووکیش، وەزیری پێشمەرگە دەڵێت:"هێشتا سەبارەت بەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مادەی 140وه هیچ هێزێکی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپادا دروست نەکراوە، بەڵام تا ڕاددەیەکی گەورە هاوکارییو هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە، هەوڵەکانیشمان چڕکردووهتەوە بۆئەوەی بەئاراستەی باشتر بچین، بۆئەوەش بەم نزیکانەش هێزی هەردولا لەناو ناوچانە بڵاودەکرێتەوەو ئارامی و سەقامگیریی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە بەرقەرار دەکرێت".
لەبارەی کێشەکانی پەیوەست بەبوونی (پهكهكه)ش لەناو خاکی هەرێم، شۆڕش ئیسماعیل وتوویەتی:"پهكهكه پێش ڕاپەڕینی ساڵی 1991و دروستبوونی حکومەتی هەرێم لەو ناوچانەدا بوونیان هەبووە و ئێشتاش لە ناوچەکەدان، ههر بەهۆکاری شەڕی نێوان پەکەکەو سوپای تورکیا سەدان گوند چۆڵ کراون و وێران بوون".
ئهوهشى وتووه، "پەکەکە و سوپای تورکیا پێويسته ڕێز لە سەروەريی خاكی عێراق و هەرێم بگرن و شەڕو ماڵوێرانی لە ناوچەکە دووربخەنەوە، باشترین ڕێگاش بۆ راِگرتنی ئەو شەڕ و کوشتارە بریتییە لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیادا".
