لە سیتەك نزیكەی 10 هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتا
بەهۆكارێكی نادیار ئاگرێكی فراوان لە ناحیەی سیتەك كەوتەوە و بەهۆیەوە نزیكەی 10 هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتا.
عەمیدی هێمن كەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: بەهۆكارێكی نادیار ئاگرێكی فراوان لە ناحیەی سیتەك كەوتەوە و دەست بەجێ بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیتەك گەیشتنە شوێنی رووداوەكە بە هاوكاری لەگەڵ و پۆلیسی ئاگركوژێنەوەی سیتەك و خەڵكی ناوچەكە توانیان لە ماوەیەكی كەمدا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.
راشیگەیاند: بەو هۆیەوە نزیكەی 10 هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سوتان و زیانی زۆر بەسروشتی ناوچەكە گەیشت، لێكۆڵینەوەش سەبارەت بە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بەردەوامە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند: دەستخۆشی لە هەموو ئەو هاووڵاتی و گوندنشینە خۆبەخشانە دەكەین كە دڵسۆزانە هاوكار و پشتیوانی پۆلیسی دارستان بوون لە كوژاندنەوەی ئاگر و پاراستنی سروشت و ژینگەدا دەور و كاریگەری بەرچاویان هەبووە.
