شەوبۆ: پێویستە دایكان بەهێز بن، چونكە كچەكان هێز و بڕوابەخۆ بوون لە دایكیانەوە وەردەگرن
زۆرن ئەو ئافرەتانەی كە بە دەستی كەسە نزیكەكانیان ستەمیان لێدەكرێت، شەوبۆ لەبەر هەڵەیەكی براكەی باجی قورسی داوە و بێ ویستی خۆی بەهۆی ژن بوونیەوە غەدرەكانی قبوڵ كردووە، ئەو یەكێكە لەو قوربانیانەی كە بە دەستی باوكی خەونەكانی لە گۆڕنراوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
شەوبۆ بەمجۆرە رازی دڵە شكاوەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: «تاقە كچی دایك و باوكم بووم، هەموو قۆناغەكانی خوێندنم بە قۆناغی زانكۆشەوە بە سەركەوتوویی تەواو كرد، بەڵام هەلی دامەزراندنم بۆ نەڕەخسا، پار شوانەی برام بە ئوتۆمبێل لە ئافرەتێكی دا و كوشتی، براكەم دەستبەسەر كرا، باوكم و خزمەكان چەندین جار ریش سپی و پیاوماقوڵیان ناردە لای ماڵی ئافرەتەكە بۆ ئەوەی لە رێگەی سوڵحی عەشایەری پێك بێن و براكەشم ئازاد بكەن، بەڵام بێ سوود بوو ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەی كە دەبێت كچێك بدەین بە هاوسەری ژنە كوژراوەكە، ئەوەش تاكە مەرجی سوڵح كردنەكەیان بوو، لە كاتێكدا ئەو پیاوە نەخوێندەوار بوو و چوار منداڵیشی هەبوو، باوكم بەوە رازی بوو بێ ئەوەی پرس بە من بكات، بەڵام من ئاگام لەم كەین و بەینە نەبوو، ئێوارەیەك لە بازاڕ گەڕامەوە بینیم ماڵمان قەرەباڵغە كە چوومە چێشتخانە دایكم دەگریا، منیش دڵم خورپەی كرد و لێی نزیك بوومەوە و پرسیم دایە شوانە شتێكی بەسەرهاتووە؟ چی رووی داوە؟ دایكم باوەشی پێدا كردم و بە دەنگی نووساو و چاوی پڕ فرمێسك گوتی تاقانەكەم ئەوانە كەسوكاری ژنەكەی و هاتوون بۆ ئەوەی تۆ لەبری خوێن بدەین بەو پیاوە، ئەوكات دنیا لەبەر چاوم رەش بوو، خەمم لە یەك شت خوارد كە بۆچی باوكم و مامەكانم پرسیان بە من نەكردووە، بۆچی وەكو مەڕ و بزن مامەڵە بە چارەنووسی من دەكەن، بەڵام بە دڵێكی خۆش و سەد دڵی ناخۆش ناچاربووم رازی بم، چونكە هیچ چارەیەكم نەبوو، دوای ئەوەی هاوسەرگیریم لەگەڵ ئەو پیاوە كرد راستەوخۆ براكەم ئازاد كرا، مەینەتییەكانی ژیانی منیش لەو كاتەوە دەستی پێكرد، لە گوندێكی دوورە دەست لە ماڵێكدا دەژیم جگە لە چوار منداڵەكە خەسوو و خەزووریشم لەگەڵماندا دەژین، سەرباری هەموو ئەوانەش خەسووم پێم دەڵێت نابێت منداڵت ببێت، ئەگەر منداڵت ببێ ئەوكات ئاگات لەو منداڵە بێ دایكانە نامێنێت، چەند جارێك لەگەڵ دایكم قسەم كردووە، بەڵام ئەو تەنیا دەسەڵاتی گریانی هەیە و هیچی تر، باوكیشم بێ دەسەڵاتی دایكمی ئیستیغلال كردووە و دەیەوێ منیش وەكو دایكم بە هەموو شتێك رازی بم.»
شەوبۆ لە درێژەی قسەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە لەسەر هەر ئافرەتێك كە بوو بە دایك هەوڵی ئەوە بدات بەرامبەر بە سەختییەكانی ژیان زۆر لە جاران بەهێز تر بێت، هاوكات گوتی: «پێویستە دایكان بەهێز بن، چونكە كچەكان هێز و بڕوا بەخۆبوون لە دایكیانەوە وەردەگرن، بۆ نموونە ئەگەر دایكی من بوێر بووایە لە جیاتی گریان و شیوەن لە رووی بابم دەوەستایەوە و بە زیندەبەچاڵ كردنم رازی نەدەبوو.»
