هاتوچۆی گەشتاریی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە دەروازەی پەروێزخان دەستیپێكردەوە
قائیمقامی قەزای "قەسر شیرین"ی سەربە پارێزگای كرماشان، رایگەیاند، لە ئەمڕۆ شەممەوە، قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاریی لەنێوان ئێران و عێراق لە رێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە هەڵگیراوەو هاتوچۆی گەشتیاران لەو دەروازەیەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەپێچەوانەوە بەرەچاوكردنی رێكارە تەندروستییەكان دەستیپێكردۆتەوە.
موراد عەلی تاتار، قائیمقامی قەزای "قەسر شیرین" بە ئاژانسی رەسمی كۆماری ئیسلامی ئێرانی وتوە، قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاریی زیاتر بەهۆی روبەڕوبونەوەی كۆرۆناوە بو كە لەلایەن وڵاتەكەمانەوە سەپێنرابو، ئەم قەدەغەیە لە ئەمڕۆوە هەڵگیراوە ئەوەش بەپێی بڕیاری لیژنەی نیشتمانی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە ئێران.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت بچنە هەرێمی كوردستان دەتوانن لەڕێگەی ئەم دەروازەیەوە بچنە هەرێم و عێراق.
قائیمقامی قەزای قەسر شیرین وتوشیەتی، تەواوی گەشتیاران لەسەر سنوور پكشنینیان بۆ دەكرێت رێگەنادرێت ئەو كەسانەی نەخۆشن بێنە وڵاتەكەمان.
ئاشكراشیكردوە كە هەڵگرتنی ئەو قەدەغەیە تەنها بۆ دەروازەی پەروێزخانەو هاتوچۆی گەشتیاریی لە دەروازەی سنووریی رەسمی "خەسرەوی"یەوە هەتا ئێستاش قەدەغەیە.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا موراد عەلی تاتار رایگەیاند، جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی قەسر شیرین بەردەوامەو لە ئێرانەوە رۆژانە 700 بارهەڵگر كاڵا لەڕێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و 300 بارهەڵگر كاڵاش لە رێگەی دەروازەی خوسرەوییەوە بۆ عێراق هەناردە دەكرێت.
