ڕێكخراوی CPT: تائێستا زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەویی کشوکاڵی لە بەرواری باڵا سووتاوە
تیمەکانی بوونیاتنەری ئاشتی (CPT)، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە بۆ مافی مرۆڤ، لەبارەی دوایين ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە سنوری پارێزگای دهۆک لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چنگی- ھەورە بروسکەی تورکیا لە 23ی نیسانی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەویی کشوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە، لە ناوچەی بەرواری باڵای پارێزگای دهۆك سووتاوە.، ئەمە وێڕای بۆردوومانکردنی زەوی و زاری گوندنشینان.
لە لای خۆشیەوە سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بۆ CPT ئاماژەی بەوەکردووە، تەمەنی ھەندێک لەو دارانەی کە سوتێندراون لە 100 ساڵ زیاترە. داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ژینگەی کوردستان ھەڵوێست بنوێنن.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەكەدا دووپاتی كردووەتەوە كە سەرباری سووتانی ڕەز و باخەکانیان، دانیشتووانی گوندی ھرورێ، لەلایەن سەربازانی تورکیاوە ھەڕەشەیان لێکراوە بۆئەوەی چی دیكە نەچنەوە بۆ ناو باخ و بێستانەکانیان.
