حکومەتی هەرێمی كوردستان دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ گرفتی وشكەساڵی خەرج دەكات

حکومەتی هەرێمی كوردستان دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ گرفتی وشكەساڵی خەرج دەكات

بەپێی لێدوانێكی بەڕێوەبەری گشتی ئاو، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مسروربارزانی فەرمانی داوە بە خەرجكردنی  بڕی  دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ وشكەساڵی و کۆی ئەو پارەیەش بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە ھەر ناوچەیەك ئەگەر كێشەی ئاوی ھەبێت، ئەوا بڕیار دراوە پارەی بۆ خەرج بكرێت. دەشڵێت لە پلانی حكومەتی هەرێمدایە ئەو پارەیە  بۆ لێدانی بیری نوێ و ئەو بیرانە تەرخان بكرێت كە بە ھۆی وشكەساڵییەوە ئاویان نەماوەو وشك بوون، ئەمە جگە لەوەی كە بەشێك لەو پارەیە تەرخان دەكرێت بۆ گۆڕینی ئامێرەكان و دابینكردنی تانكەر تاكو ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان دابین بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە كە ڕۆژانە نزیكەی دوو ملیۆن مەتر چوارگوشە ئاوی پاك بەرھەم دێنین، كە بۆ ھەر ھاوڵاتیەك رۆژانە نزیكەی ٣٥٠ لیتر ئاو دابین دەكرێت، ئەو رێژەیەش زۆر لە سەرەوەی ستانداردی جیھانییە، چونكە بە گوێرەی ستانداردی جیھانی، ھەر مرۆڤێك رۆژانە پێویستی بە ٢٠٠ تا ٢٥٠ لیتر ئاو ھەیە.

 

 

Top