لیستێكی نوێ بۆ كۆمەككردنی خێزانە هەژارو كەم دەرامەتەكان ئامادە دەكرێت

لیستێكی نوێ بۆ كۆمەككردنی خێزانە هەژارو كەم دەرامەتەكان ئامادە دەكرێت

یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە لێدوانێكیدا ئاشكرای كرد كە دەست دەكەن بە ئەنجامدانی ڕووپێوێكی تازە بە مەبەستی تۆمارکردنی خێزانە هەژارەکانی ناو شاری هەولێر، لەم ڕووەوە لیستێكی تازە بەم ناوانە ئامادە دەكەن، ئامانجی ئەم كارەش بۆ ئەوەیە كە لە ڕێی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە لیستەکە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی بكەن بۆ ئەوەی بەشە خۆراکی زیاتر بۆ خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دابین بکرێت.

ئاماژەی بەوەش كردووە كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێك داوای لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردووە كە ئەم پرۆسەیە  خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، عێراقیش داوای لیستی کردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش  وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لیستی ناوەکانیان بۆ ئامادە دەکات. لە كۆتاییدا ڕوونی كردەوە كە چەندین مەرج بۆ ئەم مەبەستە هەیە پەیوەستن بە داهات و ژمارەی ئەندامان و باروگوزەرانی ئەو خێزانانە. هەروەها  بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحییەکان ناوەکان دەنووسن و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا تەواو دەكرێت.

 شایانی باسە ئێستا لە پارێزگاكانی دیکەی عێراق، هەموو ساڵێك دوو بەشەخۆراکی زیاتر بە هەندێك لە خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان دەدرێت .

 

Top