پێشمەرگەیەک بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەست دا
قائیمقامی قەزای ماوەت رايگەیاند، لەئاکامی تەقینەوەی مینێکدا لە گوندی گابەروای سەر بە قەزای ماوەت، پێشمەرگەیەك گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (24/6/2021)، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت رايگهياند، دوای ئەوەی دوێنێ باوکێک و دوو کوڕی چوونەتە نێو کێڵگەیەکەوە کە لە مین پاک نەکراوەتەوە و دواتریش مینێک پیایاندا تەقیوەتەوە و کوڕەکەی کە پیشمەرگەیە گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی کە گیانی لەدەست داوە پێشمەرگەیە و تەمەنی ٣٧ ساڵان بووە و ناوی (ب، ب)يە.
قائیمقامی قەزای ماوەت ئاماژەی بەوەش کردووە، پاش ئەوەی تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کرا، لە ئێستادا تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە ناوچە سنوورییەکانەوە، لەلایەن رژێمی بەعسەوە مینڕێژکراون وەک رێگرییەک لە جموجوڵەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەو سەردمەدا، ساڵانەش رووداوەکانی تەقینەوەی پاشـماوەی ئەو مینانە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا دووبارە دەبێتەوە.
