ئاستی پرۆفیشنال مەترسی گەورە لە سەر گیانی یاریزانان دروست دەكات
عهلى قهرهداغی یاریزانى هونهره بهرگرییهكان و پاڵهوانى جیهانى
ئاستی پرۆفیشنال مەترسی گەورە لە سەر گیانی یاریزانان دروست دەكات
عهلى قهرهداغی یهكێك له پاڵهوانهكانى كوردستان كه ئێستا لهسهر ئاستى ووڵاتانى كیشوهرى ئاسیا بۆته پاڵهوانێكى گهوره و یانهكان و ههڵبژاردهكانى ئاسیا چاویان لهسهر ئهم یاریزانهیه بۆ ئهوهى بتوانن له ئایندهیه ئهو پاڵهوانه كورده بۆ چ تیپێك یارى دهكات، عهلى عهبدوللا قهرهداخى له دایك بووى ساڵى 1992ى شارى سلێمانیه و تهواوى مهشق و راهێنانهكانى لهگهڵ یانهكانى ووڵاتى تایلهندو كامبۆدیا ئهنجامداوه، خاوهنى چهندین ئهنجامى شایستهیه لهسهر ئاستى جیهانى به تاییهتى له كیشوهرى ئاسیا له ماوهى رابردووشدا له دوو یارى واژووكردن لهسهر مهرگی خۆى له وڵاتى میانمارله كیشوهری ئاسیا كرد و ئهنجامى گهورهى بهدهست هێنا، جگه له سهركهوتنى و پێشكهش كردنى ئهو بڕه پارهى كه بهدهستهێناوبوو لهم دوویارییه پرۆژهى خێرخوازى پێ ئهنجامداوه بۆ منداڵى بێ سهرپهرشتیار، گۆڤارى گوڵان له نزیكهوه چهند پرسیارێكى ئاراستهى كرد ، ئهوهیش لهلایهن خۆیهوه وهڵامى پرسیارى گۆڤارى گوڵان بداتهوه.
دیمانه: كارزان كانهبی
* ماوەیەکە لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەدووریت هۆکاری ئەوەیە پاڵەوانێتی نییە یان ناتەوێت بەدەربکەویت؟
- بەڵێ لە ڕاستیدا نامەوێ لەم كاتەدا دەربكەوم لە بەر ڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستییە جیهانییەكان بۆ سەلامەتی تەندروستی گیانی وەرزشوانان ، هەروەها بوونی سانسۆرێكی ئێجگار تاڕادەیەك زۆر لە ڕێكارەكانی سەفەركردن لەسەر گەشتیاران و جیهانی وەرزش بەتایبەت كە لەوڵاتان بەردەوام كاری پێدەكرێت تا ئێستا لە ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی پەتای جیهانی كۆرۆنا.
*پەتای کۆرۆنا چەند کاریگەری لەسەر ئاستی وەرزشت و مەشقەکانتان هەبووە؟
- بەگشتی ئەم پەتایە بووە بە مایەی وەستاندن و خاوكردنەوەی ئیڤێنتە وەرزشییەكان لە جیهان و كاریگەری لەسەر تەواوی وەرزشوانان و ئێمەش درووست كردیە بەگشتی، بەڵام لە ڕویەكی ترەوە بووە بە پاڵنەرێكی زیاتر كە زۆرتر سەرنج لەسەر مەشقەكانم بەتەنیایی و باوەڕبەخۆبوونی زیاتر بكەم تەنانەت لەكەش و هەوا سەختەكانی گەرمای هاوین و سەرمای زستان لە ئێستای كوردستاندا،هەروەها سەرنجدان و ڕاستكردنەوەی زیاتر لەسەر خاڵی لاواز و هەڵەكانی ڕابوردوم لەجیهانی وەرزش و داڕشتنی پیلانی تۆكمە و چڕتر بۆ ڕۆژانێكی گەشی ئایندە لە گۆڕەپانێكی فراوانتری هونەرەبەرگرییەكان لە جیهانی وەرزشدا.
* ئێستا لە چ قۆناغێکی یارییەکاندایت کە لە چەند یارییەکی هونەرە بەرگرییەکان کۆبۆتەوە؟
- لە ئێستادا سەرقاڵم بەو هونەرە وەرزشیانەی كە یارییەكی كەلتوری میللین و لەژیانی ڕۆژانەدا بایەخی زۆری پێئەدرێت وەك موایتای و موای بۆران و كرابی كرابۆنگ لە وڵاتی تایلاند، یاری لێسوەی لە وڵاتی میانمار(بۆرما)، یاری كونخەمەر و بوكاتۆر لە وڵاتی كەمبۆدیا، یاری كەیوەن لە وڵاتی چین و هەروەها وەرزشی زۆرانبازی لە وڵاتانی ئێران و ڕوسیا.هەریەك لەم وڵاتانەی ئاماژەم پێكرد خاوەن ستایڵ و تەكتیك و تەكنیكاتی تایبەت بە خۆیانن لە وەرزشی هونەرە بەرگرییەكان. فێربوونی زمانی تایلەندی و مانەوەی ساڵانێكم لەو وڵاتەدا كاریگەری زیاتری ئەرێنی هەبوو لە سەرم كە لەگەڵ وڵاتە درواسێكانی تایلاند ئاشنایەتیەكی فراوانتری خۆشەویستی پەیدابكەم و لەگەڵ هونەرە بەرگرییە میللیكانیاندا بە كردار بەشداری پاڵەوانێتیە مەیدانیەكانیشیان ببم.
* ئەو دوورکەوتنەوەت لە کوردوستان و ڕووکردنە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا هۆکاری چییە؟
- دووركەوتنەوە لە كوردستان پەیوەستبوونمە بە خۆشەویستی و عاشقبونم بە جیهانی وەرزشیی هونەرەبەرگرییەكان لە كیشوەری ئاسیادا، كە ئەم كیشوەرە دامەزرێنەری دێرینی ئێجگار گەلێك وەرزشیی هونەرەبەرگریەكانن و بەوڵاتانی تری دونیادا بڵاوبونەتەوە، وە زۆرێكیش لە وڵاتانی دەرەوە پشت بە بەهرەكانی وڵاتانی ئاسیا دەبەستن بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی جیهانی هونەرە بەرگریەكان لە ناو چینی لاوان و گەنجان هەتا ئاستی ڕاهێنان و مەشقی سەربازیش.
* بەرنامەت چییە بۆ داهاتوو؟
- بەرنامەكانی كاری ئایندەم دەوڵەمەندتر دەبێت لە ڕابوردوم كە ئەویش خۆی لە زیاتر فراوانكردنی وەرزشی هونەرە بەرگرییەكاندا دەبینێت، بەڵام بە فۆرمێكی جیاوازتر و بەهێزتر و نوێتر دەبێت ، كە ئەویش خۆگەیاندن و ئاشنابوونم دەبێت بە جیهانی وەرزشیە هونەرە بەرگرییە میللیە كەلتورییەكانی وڵاتی ژاپۆن وەك كاراتی و لایدۆ و سومۆ و جودۆ و كودۆ و ئەیكیدۆ و كێندۆ و هاوتەریب لەگەڵ فێربوون و ئاشنابوون بە زمانی ڕەسەنی ژاپۆنی بۆ هاوكاریكردن و ئاوێتەبوونی زیاترم لە لەگەڵ هونەرە وەرزشیەكانی ئەو وڵاتەدا. كاری وەرزشی هەر بریتی نیە لە ئەنجامدانی یاریكردن، بەڵكو بۆ هەموو ستایڵێكی یاریكردن سەنتەر و ئەكادیمیا و زانكۆی تایبەت هەیە كە كاریان لە وڵاتی ژاپۆن فێركردنی وەرزشی هونەرە بەرگریەكانیە بە شێوەیەكی تیۆری و پیشەیی بە زمانی یابانی كەئەمەش پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە لە سەرچاوە و دامەزرێنەری وەرزشی هونەرە بەرگریەكان لە ئاسیادا و زیاتر بەرجەستە بون لەگەڵ كەلتورو خەڵكی وڵاتی ژاپۆنیدا.
وە ئەم بەرنامەیەشم لە ساڵی ٢٠١٦ بە پلان كرد پێش ئەوەی لە تایلەند و كەمبۆدیاوە بچم بۆ وڵاتی میانمار(بۆرما) و قوڵبونەوەی زیاترم لە وەرزشی هونەرە بەرگریەكانی ئەو وڵاتە وەك باندۆ و لێسوەی.
- زۆر جار لەم یارییە گرەوی مردن دەکەیت ئەم هۆکارە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- زۆرێك لە یارییە هونەرە بەرگرییەكان لە ئاستی پرۆفیشنال مەترسی گەورە لە سەر گیانی یاریزانان دروست دەكات بەتایبەت یاری لێسوەی كە بێ دەسكێشە و كەلەی تێدا بەكاردێت و لێدان لە شوێنە هەستیارەكان ڕێگەپێدراوە و زۆر بێڕەحمانە لە یەكتر ئەدەن. ئەم شێوە یارییانە هەوادارێكی زۆریان هەیە لە م كاتەدا لە وڵاتی میانمار و ژاپۆن و تایوان و خەریكە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكاش بڵاودەبێتەوە.
دەرئەنجامی خراپی ئەم یاریە مەترسیانە پێویست بە ڕەزامەندی و ئەركی بەرپرسیارەتی پێشوەختەی خودی یاریزانان هەیە لە هەر پێشهات و دەرەنجامێكی خراپ كەلەسەر گیان و سەلامەتی یاریزانان دروست دەبێت، وە هۆكاری بەشداریكردنی یاریزانان بەگشتی زۆرێكی بۆ خۆشەویستی و قوڵبونەوەی زیاتر و پەیوەستبونە بە جیهانی وەرزشی هونەرە بەرگریەكان وەك وەرزشێكی كەلتوری كە لە وڵاتی میانمار(بۆرما)وە داهێنان و سەرچاوەی گرتوە و بەدەستهێنانی بڕە پارەیەكی باشیشە لەم وەرزشەدا كە ڕێكەوتنی پێشوەختەی لەسە دەكرێت لە نێوان كۆمپانیاكان و یاریزاندا.
* بڕیارتداوە چی بۆ کوردستان بکەیت لەم یارییەی خۆت؟
- لەم كاتەدا زۆربەی ڕۆژەكانم لە كوردستان تەرخان كردوە بە شێوەیەكی تیۆری و پراكتیكاڵی لەگەڵ چینی سەرەوەی بەرپرسانی باڵا بەمەبەستی ئاشنابونی خەسڵەتەكانی جیهانی وەرزشی هونەرە بەرگریەكان بەگشتی و دواجار شۆڕبونەوەی بیرۆكە وەرزشیەكانم بۆ ناو چینی گەنجان و لاوان بەتایبەتی دوای هێوردبونەوەی ئەم قەیرانە تەندروستیەی كە جیهانی گرتۆتەوە، وەك چۆن زانیاری سەرچاوەی دەسەڵات و سەركەوتنە ئاواش ئەو ڕێگری و بەربەستانەی لە ڕابوردودا بەژیانی وەرزشی پێیدا گوزەربوم بۆ گەنجان و لاوان لە كوردستان بەبێ ئاستەنگ ئاشنایان دەكەم لەسەر بناغەیەك كە هەمیشە لەسەر قاچی خۆیان بوەستن بە ورەیەكی نەگۆڕ و بەرز و باوەڕ بە خۆبونێكی زیاتریان بەژیانی وەرزشی خۆیان هەبێت و دوور بە پشتبەستن بەكەسانی دەوروبەر و ڕوناكردنەوەی ڕێگەو نهێنیەكانی چونەپێشەوە و پێشكەوتن و بەسەرمایەكردن و دەوڵەمەندكردنی وەرزشەكەیان لە گۆڕەپانە وەرزشیەكانی كیشوەری ئاسیا و بە گشتی لە جیهاندا.
*هەوڵت نەداوە ئەم ئەزموونەی خۆت لە کوردستان پەرە پێ بدەی کە هێزی ئەم یارییە و ئاشنایەتی لە وڵاتانی ئاسیایە ؟
- بە دڵنیایەوە لە هەوڵی بێوچاندام لە ئاستی باڵای حكومەتی ناوخۆیی و لایەنە پەیوەنیدارەكان و نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوەش كە ئەزمونی ژیانی وەرزشی خۆم تەنانەت دەوڵەمەندتر و فراوانتر لە ئەزمونەكانی خۆم بگوێزمەوە بۆ كوردستان دوور لە ئاستێكی سەرپێی نەك هەر لە وەرزشدا بەڵكو لە بواری كەلتوری و زمانەوانی و كەرتی پەروەردەیدا وەك پرۆژەیەكی ئایندەیی هەمیشەیی لە ناو گەنجان و لاوانی وەرزشكارانی كوردستان و نیشتیمان بەگشتی، ئەمەش مەبەست و كارئاسانیەك و هەلێكی باشتر دەبێت بۆ ئاشنابونی لاوان و گەنجانمان بەو وڵاتانەی كە داهێنەر و سەرچاوەی وەرزشی هونەرە بەرگریەكانن.
* هەوڵت نەداوە بەرەو ئەمریکاو ئەورووپا هەنگاو بنێیت و خۆت زیاتر بناسێنیت وەک کوردێک ؟
- لە ڕاستیدا وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا و كیشوەرەكانی تریش ئەگەر چی لە ڕاگەیاندنەكانیانەوە زانستی هونەرە بەرگرییەكان گەورەتر و سەرنجڕاكێشتر پێشان ئەدرێن بۆ جیهان و خەڵاتی زۆر مەزنی بێ وێنە تەرخان ئەكرێت بۆ یاریزانان، بەڵام وڵاتانی ڕۆژاواش دواجار پشت بە بەهرە و هونەرەكانی وڵاتانی ئاسیا دەبەستن وەك سەرچاوە و داهێنەر كە زۆرێك لە وەرزشی هونەرە بەرگریەكان بۆ سود وەرگرتن و بەهێزكردن و نوێكردنەوەی تواناكانیان لەگەڵ وڵاتانی چین و ژاپۆن و تایلاند و كەمبۆدیا و میانمار بۆ زیاتر نمایاش كردنی ئاستێكی پیشەییانەتر لە زۆربەی وەرزشی هونەرە بەرگریەكان خوێندن و كاری پێكەوەیی وهەبونی نوێنەری ڕاستەقینەی هەمیشەیی وڵاتەكانیان وەك پردێك لە ڕێگەی باڵوێز و نوێنەرەكانیانەوە لە وڵاتانی ئاسیا دانراوە تا زیاتر بە ئاسانی پەیوەندیە زانیاریە وەرزشیەكانیان ئاڵوگۆڕ بكەن لە نێوان وڵاتانی ئاسیا لە لایەك و گەنجان و لاوانی وڵاتەكانی خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژاوا لەلایەكی ترەوە.
وەكو كوردێك ئەمە كارێكی ئاسان نیە بەڵام ئەستەمیش نیە كە كاری بەرپرسیارەتی و هەوڵدانی هەمیشەی بێدابڕاندنی بۆ بكەم.
دواجار سەبارەت بە وەڵامدانەوەی پرسیارەكەی بەڕێزت، نەخێر لەم كاتەدا هیچ پلانێكی چوون بۆ وڵاتانی ڕۆژاوام نیە چونكە لەم كاتەدا تەمەنێكی زۆر گەنجم هەیە كە ئەمەوێت لە خوێندن و ئەزمونی ژیانی وەرزشیم لە وڵاتانی ئاسیادا وەك داهێنەر و سەرچاوەی زۆرێك لە وەرزشی هونەرە بەرگریەكان بەسەربەرم و لە هەمان كاتیشدا لە كوردستان و هەر لەم شوێن و پێگەی خۆمەوە بە بەردەوامی زیاتر بتوانم بیرۆكە وەرزشیەكانم هەمیشە لە نزیكەوە لەگەڵ لاوان و گەنجانی نیشتیمان ئاشنایەتی زیاتر پەرەپێبدەم.
*بەهیوای چیت وەک پاڵەوانێکی ئەم یارییە؟
- وەكو كوردێك ساڵانێكە كە تامەزرۆی كرانەوەیەكی ئێجگار زۆری خولیا و فێربوونی زۆرترین شێوازی وەرزشی هونەرەبەرگریەكانم لە وڵاتە جیا جیاكانی ئاسیادا بۆ دەوڵەمەندكردن و قوڵبونەوەی بیرۆكە وەرزشیەكان و تۆماركردنی زۆرترین یاری پاڵەوانێتی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە شێوازی جیاوازی وەرزشی پیشەیی هونەرە بەرگریەكان و ئاشنابون و ئاوێتەبونم لەگەڵ كەلتورە جیاجیاكانی جیهان بەگشتی و فێربونی زمان و زانست لێیانەوە و دواجار هێنانەوەی ئەزمونێكی سودمەندی وەرزشی فراوان بۆ ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی فرە زمانی و فرە ڕەنگی بیروڕا و ئاشتی و ئازادی و پێكەوە ژیانی زیاتر فەراهەم ببێت و ببێتە مایەی پێناسێكی جوانتری تەواوی نیشتیمانەكەمان بەشێوەیەك وەرزشیش دەرەنجامی پردی پەیوەندی نێوان كورد و گەلانی تر بێت بۆ لەیەك نزیك بونەوەی زیاتری پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ئابوری و كەلتوری و تەنانەت بەدەستهێنانی پشتگیری سیاسیش لە هەمبەر دۆزی ڕەوای كورد و ناساندنی كوردستان و نەتەوەكانی تر لە ناو كۆمەڵگەی كوردی لە دۆخێكی ئاشتیانە و سەربەرزی و پێكەوەژیان و خۆبەڕێوەبەرێتیمان لە نیشتیمانی كوردستاندا لە ڕوانگە و دیدی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕەزامەندی زیاتری جیهان بەرامبەر كوردستان بەگشتی.
* هەوڵت نەداوە ئەکادیمیایەک بکەیتەوە لە کوردستان؟
- لەبەرئەوەی لەم كاتەدا زیاتر سەرقاڵی مەشق و خوێندنی ئۆنلاینم لە كوردستان و بەرنامەی ئایندەشم فێرخوازی زیاتر لە خۆدەگرێت لە وڵاتانی دەرەوە بە هۆی گەنجی تەمەنمەوە وەك خولیایەك لە ژیانمدا كە هەمیشە هەوڵی فێربوونی زیاتر دەدەم بە بەردەوامی وەك فێرخوازێك تا فێركردن، بەڵام هاوكات لە هەوڵی ئەوەشدام لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان برەو بە بنكەكانی فێربوون لە جیهانی وەرزشدا بەگشتی بدەین ،وەك خوێندنگە و پەیمانگەكان لە داهاتوودا بە شێوەیەكی فراوانتر كە كەلتوور و فێربوونی زمانیش لە خۆبگرێت لە ئاستە جیاوازەكانی وەرزشی هونەرە بەرگریەكان و نمونەی پێشكەوتنەكانی وڵاتانی ئاسیا زیاتر و قوڵتر لە ناو گەنجان و لاوان بەرجەستە بكەین، ئەمەش ئەتوانم بڵێم دەستپێك و سەرەتا و كرانەوەیەكی زۆر باش دەبێت، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە لە ڕەهەندی فكری و كەلتووری و زانستی و وەرزشیی و ڕۆحیەتی یەكترقبوڵكردن و لە ئامێزگرتنی جیاوازییەكان لە نێوان كەلتورە فرە ڕەنگەكان وەك پێناسێك بۆ كۆمەڵگەی كوردەواری لە دید و تێڕوانینی ئاستی نێودەوڵەتیدا.
*گرفتان چییە بە شێوەیەکی گشتی؟
- بوونی گرفتی وەرزشیم ئەوكاتە بوو كە نە چووبوومە كیشوەری ئاسیا و ئاشنایەتیم بە هونەرە بەرگرییەكان نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە كە ساڵانێكە لە نزیكەوە تێكەڵ بووم بە كەلتورە جیاوازەكانی گەلانی ئاسیا و وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە تایبەت ئاستەنگیەكانی بەردەمم كەم بونەتەوە و خەریكە دەگەن بە ڕادەی ئاستی نەمان، وە ڕێگەی فراوانیی بیرۆكەكانی پێشكەوتنی زیاترم لە مەیدانەكانی وەرزشیی هونەرە بەرگرییەكان و هەمیشە تەواوی خزمەتگوزاریەكان لە بەردەمم دەستەبەر كراوە كە خزمەتی وەرزشیی لە یانە جیاوزەكان لە ئاستی وڵاتان پێشكەش بكەم، هەم وەك مامۆستایەكی وەرزشیی و هەم وەك یاریزانی پیشەگەر، كە ئەویش دەرەنجامی لێبڕان و تەنهایی و خوێندن و سەركێشییەكانی ژیانی وەرزشیی ڕابوردوم بووە بەبەردەوامی لە وڵاتانی چین و تایلاند و كەمبۆدیا و ئێران و ڕوسیا و میانمار(بۆرما).
ئەمەش وەك گرفتی خۆم كە باسمكرد، بەڵام بەگشتی یاریزانان لە كوردستان گرفتی هەرەگەورەیان ئاستی هۆشیاریە كە ناتوانن لەگەڵ نەتەوە جیا جیاكانی وڵاتان بە تایبەت لە كیشوەری ئاسیادا خۆیان بە بەردەوامی ڕابهێنن و ساڵانێك ئاوێتەی كەلتوری وەرزشە میللیەكانیان ببن و قوربانی زیاتر بدەن بۆ بە دەستهێنانی ئەزمون و ئەنجامی وەرزشی هونەرە بەرگریەكان لە ئاستی پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان بەتەنها، بۆ نمونە نزیكترین وڵات لە نزیك هەرێمی كوردستاندا كە وڵاتی ئێرانە و سەرچاوە و دامەزرێنەری هونەری وەرزشی زۆرانبازیە و برەوێكی تاڕادەیەك زۆر باشیش بە وەرزشی هونەرە بەرگریەكانی تریش لە ناو گۆڕەپانە پیشەییەكاندا ئەدات كەچی گەنجەكانمان تائێستا كەمتەرخەمن لە قۆستنەوەی هەلی زێڕینی خولیای ئایندەیان لەو گۆڕەپانانەدا كە ئەشبێتە دەستپێك و سەرەتایەكی باشی چاوكرانەوەی ژیانی وەرزشی خۆیان بۆ داهاتوو، وە بەشێكی ڕابوردوی ژیانی وەرزشیم لە شەهرولقودسی شاری تاران سەرچاوەی گرت لە مەیدانی زۆرانبازی بە مەبەستی زیاتر بەهێزكردن و دەوڵەمەندكردنی تەكنیكی كڵینچین بۆ ژیانی وەرزشیی موایتایم لە وڵاتی تایلاند.
-ئەگەر شتێکت ماوە؟
- پێشنیارم بۆ تەواوی جیهانی وەرزشوانان لە كوردستان پشت بەستنی زیاترە بە هەوڵ و تواناكانی خۆیان بە ورەیەكی بەرزتر بۆ بەدیهێنانی خەونەكانیان و ئاستی هۆشیاری و زانستیان فراوانتر بكەنەوە و خوێندنەوەی زیاتری كتێب و بەدواداچونی چڕتر لە بوار و سەرچاوەكانی ئەو وەرزشەدا بكەن كە ئارەزوی دەكەن و هەوڵی فێربونی زمانی زیاتری بیانی بدەن وەك ئامرازێك بۆ كاڵكردنەوەی بەربەست و جیاوازیەكان لە نێوان كورد و ئەو گەلانەی تر كە وەرزش بەشێكی دانەبڕاوی شوناسی كەلتوری فەرهەنگیە لە ناو نەتەوە و پەروەردەی سیستەمی خوێندنی وڵاتەكەیان.
هەروەها داوا لە تەواوی كوردستانیان دەكەم ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەكان لەم كاتەدا زیاتر بكەن لە خۆپارێزیدا و پێكوتەی ڤاكسین دژ بەم پەتا جیهانیە وەربگرن و بەهیوای سەلامەتی و بەختەوەری بۆ تەواوی كوردستانیان لە هەركوێیەك بن. دوبارە دەستخۆشی و سوپاسی ئەرك و ماندوبونی تەواوی تیمی گۆڤارە جوانەكەتان دەكەم.
